سوپای پاسداران: دوو نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقینەوە و چوار کەشتی دیکەش راگیران
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیان لە رێڕەوێکی باشووری گەرووی هورمز تەقینەتەوە و ئاگریان گرتووە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دوو کەشتییە بەهۆی فێڵ و چەواشەکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە کەوتوونەتە ناو کێڵگەیەکی مینەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو نەوتهەڵگرە و قەبارەی زیانەکان یان بوونی بریندار لە ناو ستافی کەشتییەکان ئاشکرا نەکراوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، کە هێزەکانیان چوار کەشتیی تریان لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز راگرتووە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی کەشتییەکان یان هۆکاری راگرتنیان ئاشکرا بکات.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەهۆی پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، پاشەکشەیەکی بێپێشینەی بەخۆوە بینیوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای "کێپلەر" تایبەتە بە چاودێریی بارە دەریاییەکان، رۆژی پێنجشەممە تەنیا 8 کەشتی لە گەرووەکە تێپەڕیون، لەکاتێکدا رۆژی چوارشەممە 15 کەشتی و دوو هەفتە لەمەوبەر رۆژانە 48 کەشتی تێپەڕ دەبوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتدا، تێکڕای هاتوچۆی رۆژانە لە گەرووی هورمز دەگەیشتە زیاتر لە 100 کەشتی، ئەمەش نیشانەی کاریگەرییە قووڵەکانی گرژییە سەربازییەکانە لەسەر ئاسایشی وزە و بازرگانیی جیهانی.