وەزارەتی کشتوکاڵ رێنماییەکانی قوربانیکردنی بڵاوکردەوە
بەمەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون" و پاراستنی تەندروستیی گشتی لە رۆژانی جەژنی قورباندا، لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنمایی نوێیان بۆ هاووڵاتییان و قەسابەکان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ژمارەیەک رێنمایی دەداتە هاووڵاتییان دەربارەی قوربانیکردن.
وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، لە رۆژانی جەژندا، سەرجەم سەربڕخانەکان بە رووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبن و ستافی پزیشکی ڤێتێرنەری ئامادەییان دەبێت بۆ پشکنینی ئاژەڵ و گۆشتی قوربانی، بڕیارە ناوی سەربڕخانەکان و خشتەی کارکردنیان لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاوبکرێتەوە تاوەکو هاووڵاتییان ئاگادار بن.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، بەپێی رێنماییەکان، پێویستە ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیی پێوە نەبێت، بەتایبەتی بوونی "گەنە" (قرنە)، چونکە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوونە، هەروەها مەرجە ئاژەڵەکە لە سێ هەفتەی ڕابردوودا هیچ دەرمانێکی چارەسەریی پێ نەدرابێت.
رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ قەساب و هاووڵاتییان
داوا لە قەساب و ئەو هاووڵاتییانەی قوربانی دەکەن کراوە کە:
پابەندی پاکوخاوێنی بن و دەستکێشی لاستیكی و جلی تایبەتی خۆپارێزی بەکاربهێنن.
دوای سەربڕین و دەستدان لە گۆشت، پێویستە دەست و کەلوپەلەکان بە باشی بشۆردرێن و تەعقیم بکرێن.
هاووڵاتییان لە کاتی سەربڕین و پارچەکردنی گۆشتدا، لە دەوری ئاژەڵەکە کۆنەبنەوە بۆ ئەوەی بەدوور بن لە هەر بەركەوتنێکی نەخوازراو.
چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و پاشماوەکان
بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گۆشتەکە، رێنمایی هاووڵاتییان دەکرێت کە:
1. هەڵگرتن: گۆشتەکە پێش بەکارهێنان، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت.
2. گواستنەوە: گواستنەوەی گۆشت بە ساردکەرەوە یان لە پلەی گەرمی (2-6) ئەنجام بدرێت.
3. دابەشکردن: بەکارهێنانی کیسی نایلۆنی نوێ، روون و بێ ڕەنگ بۆ دابەشکردنی گۆشت.
4. پاشماوەکان: فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین لە شەقام و کۆڵانەکان؛ پێویستە پاشماوەکان لە کیسی داخراودا بن و لەو شوێنانە دابنرێن کە شارەوانی و سەربڕخانەکان دیارییان کردووە.