مەسرور بارزانی: پشتیوانیی سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هێزمان پێ دەبەخشێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا پێشوازیم لە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرد و ڕایگەیاند، کار بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەکەین و پشتیوانیی ئەوانیش هێزمان پێ دەبەخشێت.
یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: خۆشحاڵبووم لە بەغدا پێشوازیم لە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرد.
مەسرور بارزانی ئاماژەشی داوە، دووپاتمان کردەوە کە کار بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەکەین و پشتیوانیی ئەوانیش هێزمان پێ دەبەخشێت.
خۆشحاڵبووم لە بەغدا پێشوازیم لە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرد و دووپاتمان کردەوە کە کار بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەکەین و پشتیوانیی ئەوانیش هێزمان پێ دەبەخشێت. pic.twitter.com/m1HclHF59o
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) May 24, 2026
لای خۆیانەوە، سەرۆک هۆزە بەشداربووەکانی دیدارەکە، رێزی زۆری خۆیان بۆ مەسرور بارزانی دەربڕی و رایانگەیاند کە ئەو جێگەی رێزی هەموو خەڵکە. یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان گوتی: "زۆر خۆشحاڵین بە بینینی جەنابتان، دەمانەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین."
لەو دیدارەدا کە رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی قووڵی هەبوو، هۆزە عەرەبەکان چەکێکی جۆری بڕنۆییان کە تەمەنی زیاتر لە 115 ساڵە، وەک دیارییەکی هێمایی پێشکەشی سەرۆکوەزیران کرد.
سەرۆک هۆزەکان لە کاتی پێشکەشکردنی دیارییەکەدا، بە زمانێکی پڕ لە رێزەوە ئاراستەی مەسرور بارزانییان کرد و رایانگەیاند: "ئەمە چەکی سەروەری و شەڕەفی خێڵ و هۆزەکانە. ئێمە ئەم چەکە تەنیا بەو کەسانە دەدەین کە خاوەن بەرپرسیارییەتییەکی باڵا و گەورە بن، جەنابتیش ئەو بەرپرسیارییەتییە گەورەت لەسەر شانە و ئێمە شانازیت پێوە دەکەین."