هۆزە عەرەبەکانی عێراق بڕنۆیەکی تەمەن 115 ساڵیان پێشکەشی مەسرور بارزانی کرد
لە پەراوێزی سەردانە چڕە سیاسییەکەیدا بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دیارییەکی دەگمەن و مێژوویی لە لایەن سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە پێشکەش کرا، کە گوزارشت بوو لە رێز و پێگەی مێژوویی بنەماڵەی بارزانی لای پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا 20 دیدار و کۆبوونەوەی سیاسی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە جیاوازەکانی بەغدا ئەنجامداوە، لە دیدارێکی تایبەتدا پێشوازی لە سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرد؛ لە میانی دیدارەکەدا، جەخت لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق کرایەوە.
مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدارەکە دەربڕی و رایگەیاند: "پشتیوانیی ئێوە هێز بە ئێمە دەبەخشێت. کاتێک ئەو پشتیوانییە دەبینین، دڵگەرم دەبین و شانازی دەکەین کە لە وڵاتێکدا پێکەوە دەژین و خاوەنی دۆستایەتییەکی پتەوین."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە رەگ و ریشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کورد و عەرەب کرد و گوتی: "ئێمە کار بۆ بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە مێژووییە دەکەین کە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیی نەمرەوە هەبووە و لە سەردەمی سەرۆک بارزانیشدا پارێزگاریی لێ کراوە. بە هیواین ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ ئێوەدا هەمیشە بەردەوام و نەپچڕاو بن."
لای خۆیانەوە، سەرۆک هۆزە بەشداربووەکانی دیدارەکە، رێزی زۆری خۆیان بۆ مەسرور بارزانی دەربڕی و رایانگەیاند کە ئەو جێگەی رێزی هەموو خەڵکە. یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان گوتی: "زۆر خۆشحاڵین بە بینینی جەنابتان، دەمانەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین."
لەو دیدارەدا کە رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی قووڵی هەبوو، هۆزە عەرەبەکان چەکێکی جۆری بڕنۆییان کە تەمەنی زیاتر لە 115 ساڵە، وەک دیارییەکی هێمایی پێشکەشی سەرۆکوەزیران کرد.
سەرۆک هۆزەکان لە کاتی پێشکەشکردنی دیارییەکەدا، بە زمانێکی پڕ لە رێزەوە ئاراستەی مەسرور بارزانییان کرد و رایانگەیاند: "ئەمە چەکی سەروەری و شەڕەفی خێڵ و هۆزەکانە. ئێمە ئەم چەکە تەنیا بەو کەسانە دەدەین کە خاوەن بەرپرسیارییەتییەکی باڵا و گەورە بن، جەنابتیش ئەو بەرپرسیارییەتییە گەورەت لەسەر شانە و ئێمە شانازیت پێوە دەکەین."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی چەکی بڕنەو وەک دیاری، سەرۆک هۆزەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەم چەکە پەیوەندییەکی مێژوویی و رۆحی بە خەباتی گەلی کوردەوە هەیە. گوتیشیان: "ئەم چەکە بووەتە هێمایەکی دیاری دەستی پێشمەرگە، کە بۆ چەندین ساڵ خەباتی پێکردووە و پارێزگاریی لە شکۆی گەلەکەی پێ کردووە، بۆیە بە شایستەمان زانی وەک رێزێک بۆ ئەو خەباتە پێشکەشی مەسرور بارزانی بکەین."
ئەم هەنگاوەی سەرۆک هۆزە عەرەبەکان لە نێوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، وەک نیشانەیەک بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری پێکهاتە رەسەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا لێکدرایەوە.