فۆکس نیووز: 95%ـی رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا تەواو بووە
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە کەناڵی (فۆکس نیووز)ی راگەیاند کە 95%ـی کارەکانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران تەواو بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە و پەلەش لەو هەنگاوە ناکەن.
یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیووزی راگەیاندووە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و 95%ـی کارەکان تەواو بووە، بەڵام جەختی کردەوە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە و پەلە ناکەن لە گەیشتن بە ئەنجام.
بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند: "ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی و ئەمڕۆ یان سبەی هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە نیازی سەرۆک ترەمپ بەرەو ئەوەیە کە "6 یان 7 رۆژی دیکە" کات بە دانوستانەکان بدات تاوەکو رێککەوتنەکە بە تەواوی جێگیر بێت.
ئەو بەرپرسە گوتی: بێ یۆرانیۆم، رێککەوتن نییە ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە دەبێت ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات پێش ئەوەی هیچ ئاسانکارییەکی دارایی بۆ بکرێت. گوتیشی: "ئێمە رێککەوتنی تێک نادەین، ئەوە شتێکی دڵنیایە."
بەپێی گوتەی سەرچاوەکەی فۆکس نیووز، لایەنەکان لەسەر پرسی "پاشکۆی ئەتۆمی" و "کردنەوەی گەرووی هورمز" لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی رێککەوتوون، بەڵام ئێستا گفتوگۆ لەسەر "زمانەوانیی" دەقەکە بەردەوامە. گوتیشی: "تا لەسەر هەموو شتێک رێککەوتن نەکرێت، رێککەوتن نییە."
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا هۆشداری دا کە واشنتن بژاردەی دیکەی لەبەردەستە و "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، دەتوانین دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکەینەوە." ئامانجی سەرەکی ترەمپیش گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە تێچووەکان بۆ ئەمریکییەکان کەم بکاتەوە و دڵنیایی بدات کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.