ئۆکرانیا وێستگەیەکی ستراتیژیی نەوتی رووسیای کردە ئامانج

ساتی بە ئامانج گرتنی وێستگەکە
ساتی بە ئامانج گرتنی وێستگەکە

دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا (SBU) رایگەیاند؛ لە رێگەی درۆنەوە هێرشێکی سەرکەوتوویان کردووەتە سەر وێستگەیەکی دابەشکردن و پەمپکردنی نەوت لە ناوچەی فلادیمێر لە ناوەراستی رووسیا. 

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو وێستگەی کراوە بە ئامانج، "خاڵێکی جەوهەری و سەرەکییە" بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ مۆسکۆ و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها جەختی کردەوە ئەم دامەزراوەیە سووتەمەنی بۆ کۆگاکانی سەرەکی و سێ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییە گرنگەکەی مۆسکۆ (شێریمێتیێڤۆ، دۆمۆدێدۆڤۆ و ڤنوکۆڤۆ) دابین دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆکرانیا، هێرشەکە بووەتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێکی گەورە لەناو وێستگەکەدا کە رووبەرەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 800 مەتر دووجا.

لە بەرامبەردا، ئالێکساندەر ئەڤدیێڤ، پارێزگاری ناوچەی فلادیمێر، پشتڕاستی کردەوە، ئاگر لە ژێرخانی ناوچەکە لە نزیک شارۆچکەی کامیشکۆڤۆ کەوتووەتەوە. ئەڤدیێڤ ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاماژەی بەوە نەکرد، ئاگرەکە بەهۆی هێرشی درۆنەوە بووە یان پەیوەندیی بە کەرتی نەوتەوە هەبووە.

لە مانگەکانی رابردوودا ئۆکرانیا هێرشە دوور مەوداکانی بۆ سەر شوێنی سووتەمەنی، پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا لە ناو جەرگەی رووسیا چڕتر کردووەتەوە. کیێڤ دەیەوێت لەم رێگەیەوە فشار بخاتە سەر مۆسکۆ و هێڵەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ سوپای رووسیا لە بەرەکانی جەنگ پەکبخات.

ناوچەی فلادیمێر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی مۆسکۆ، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە بە یەکێک لە گرنگترین پارێزگای وزە و گواستنەوە دادەنرێت کە خزمەت بە پایتەختی رووسیا و دامەزراوە ستراتیژییە مەدەنی و سەربازییەکان دەکات.