بەریتانیا لە هەڵگرتنەوەی مینەکانی گەرووی هورمز بەشدار دەبێت

لە کەناراوەکانی جەبەل تاریق، سەدان دەریاوانی بەریتانی لەسەر کەشتیی جەنگی "RFA Lyme Bay" لە ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان.

ئەم جووڵە سەربازییەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی لە هاوپەیمانانی ناتۆ گرتبوو بەوەی، وەک پێویست پشتگیری لە هەوڵە جەنگییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران ناکەن. ترەمپ داوای لە هاوپەیمانان کردبوو، خۆیان ئاسایشی نەوتەکەیان دابین بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز بوونە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە.

لە دەریای ناوەڕاست و لە خاکی جەبەل تاریق، هێزی دەریایی شاهانە خەریکی کۆتا ئامادەکارییەکانە. ئال کارنز، وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا، لە کاتی سەردانیکردنی کەشتیی "RFA Lyme Bay" رایگەیاند؛ کەشتییەکە بە تەقەمەنی و درۆنی پێشکەوتووی مین-دۆزەرە (کە بە سیستەمی سۆنەر کار دەکەن) تەیار کراوە.

بڕیارە ئەم ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییە بە سەرکردایەتی بەریتانیا و فەڕەنسا بەڕێوە بچێت، بەڵام جێبەجێکردنی ئەرکەکە بەستراوەتەوە بە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، دوای پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ناوچەکە، رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران تا ئاستێکی باش گفتوگۆی لەسەر کراوە و تەنیا پێویستی بە داڕشتنی کۆتایی هەیە.

کەشتییە بەریتانییەکە سەدان دەریاوانی هەڵگرتووە، بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا جەبەل تاریق جێبهێڵێت و لە دەریادا بە کەشتیی تێکشکێنەری "HMS Dragon" و لەگەڵ کەشتییەکانی دیکەی هاوپەیمانان یەکبگرنەوە. هێزەکان دوای وەرگرتنی پشتگیری ئاسمانی، لە رێگەی کەناڵی سویسەوە بەرەو کەنداوی عەرەب بەڕێ دەکەون بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان.