رۆژانی جەژن گەرما لە 40 پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند؛ کەشی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی جەژنی قورباندا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و بەرزترین پلە بە گشتی لە هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە 40 پلەی سیلیزی، تەنیا لە سنووری گەرمیان ئەگەری هەیە 40 تێپەڕ بکات، هاوکات ئاسمانی لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت.

پێشبینیەکان بۆ رۆژانی جەژن:

چوارشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان 27ـی ئایاری 2026، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و ئاراستەی با بە خێرایی 5 تا 15 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێكدا رووەو باکووری رۆژئاوا دەبێت.
هەروەها پلەکانی گەرما بە نزیکەی 2 تا 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە .

کەشی پێشبینیکراوی پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، کە دەکاتە دووەم رۆژی جەژنی قوربان، ئاسمان بە گشتی تەنکە هەوری بەرز دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان.

هەروا خێرایی با لە هەر کاتژمێرێكدا لە 5 تا 15 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام ئاراستەی نادیار و گۆڕاو دەبێت و پلەکانی گەرما جارێکی دیکە بە نزیکەی 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەراورد بە رۆژی یەکەم بەرزتر دەبێتەوە.

لە بارەی رۆژی سێیەمی جەژن، کە دەکاتە هەینی  29ـی ئەم مانگە، پێشبینی دەکرێت ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچە هەور لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک بێت .

هەروەها خێرایی با، زیاد دەبێت و ئاراستەکەی بە دیاریکراوی بەرەو باکووری رۆژئاوا و لە هەر کاتژمێرێکدا 10 تا 30 کیلۆمەتر دەبێت؛ بەڵام بە پێچەوانەوە پلەکانی گەرما نزم بە نزیکەی 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

شەممە 30ـی ئایار2026، کە دەکاتە کۆتا رۆژی جەژنی قوربان، پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە پلەکانی گەرما بە نزیکەی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز بێتەوە و ئاسمانی کوردستان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ، بە پێچەوانەوە خێرایی با کەم دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت خێراییەکە لە 5 بۆ 15 کێلۆمەتر بێت لە هەر کاتژمێرێکدا.