مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کرد و پێکەوە دواپەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، لە راگەیاندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند؛ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق مستەفا کازمی کرد.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا ، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.

هەروەها باس لە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە چوارچێوەی دەستوور.