هاووڵاتییانی ئاکرێ بەرهەمی خۆماڵی بۆ جەژن دەکڕن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژانی جەژنی قوربان، هاووڵاتییان لە قەزای ئاکرێ بۆ ئامادەکارییەکانی جەژن و پێشوازیکردن لە میوانەکانیان، روویان لە کڕینی چەرەزات و شیرینییە خۆماڵی و سروشتییەکان کردووە و بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکانیان گەرمتر کردووە.
ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی قوربان لە قەزای ئاکرێ دەستی پێ کردووە و دانیشتووانی ناوچەکە بە مەبەستی رازاندنەوەی خوانەکانیان، زیاتر روو لە بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەن و کڕینی بەرهەمی بیانییان کەم کردووەتەوە.
عەبدولرەحمان سورچی، کڕیار، ئاماژەی بەوە کرد، بەرهەمە ناوخۆیی و سروشتییەکانی ئاکرێ تامێکی زۆر خۆشتریان هەیە و لە رووی تەندروستییەوە باشترن، ئەمەش وای کردووە خەڵک زیاتر متمانەی پێ بکات و بۆ میواندارییەکانی جەژن بیکڕێت.
لای خۆیەوە وەعەد زکری، فرۆشیار، روونی کردەوە، خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمە سروشتی و خۆماڵییەکان دەبینرێت و کڕیاران پێیان باشە لە جیاتی بەرهەمی هاوردەکراو، چەرەزات و شیرینییەکانی ناوخۆ بکڕن، بە جۆرێک فرۆشی ئەو بەرهەمانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بازاڕی بەرهەمە سروشتییەکانی ئاکرێ لەم رۆژانەدا بووەتە یەکێک لە گەرمترین بازاڕەکانی ناوچەکە و کڕیارێکی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی شارەکە بۆ خۆی راکێشاوە، بە جۆرێک خەڵک دەیانەوێت باشترین جۆری چەرەزات و شیرینی بۆ میوانەکانیان دابین بکەن.
قەزای ئاکرێ یەکێکە لە ناوچە کشتوکاڵی و شاخاوییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و بەوە ناسراوە بەرهەمی سروشتی و خۆماڵیی زۆر نایابی هەیە. ناوچەکە ساڵانە بڕێکی زۆر لە هەنجیری وشک، گوێز، مێوژ، بادەم و چەندین جۆری تری چەرەزات و شیرینی بەرهەم دەهێنێت.
بەهۆی کوالێتییە بەرزەکەیانەوە، ئەم بەرهەمانە نەک تەنیا لە ناوخۆی ئاکرێ، بەڵکوو لە سەرجەم شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراقدا خواستی زۆریان لەسەرە.
پێش هاتنی بۆنە ئایینییەکانی وەک جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان، بازاڕەکانی ئاکرێ قەرەباڵغییەکی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن، چونکە کڕینی بەرهەمی خۆماڵی بووەتە بەشێک لە نەریت و کولتووری خەڵکی ناوچەکە بۆ رێزلێنان لە میوانەکانیان و پێشکەشکردنی باشترین بەرهەمی سروشتی.