ترەمپ: چوونە ناو رێککەوتننامەی ئیبراهیم مەرجی سەرەکیی رێککەوتنەکەی ئێرانە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, دانوستانەکان لەگەڵ ئێران "بە باشی" دەڕۆن، بەڵام داوای کرد کە سەرجەم ئەو وڵاتانەی وەک نێوەندگیر و لایەنی پەیوەندیدار بەشدارن، بە شێوەیەکی "ناچاری" بچنە ناو رێککەوتننامەی ئیبراهیم بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، تەنانەت پێشنیازی کرد کە ئێرانیش ببێتە ئەندام لەو رێککەوتننامەیەدا.
دووشەممە 25ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) جەختی کردەوە، یان دەبێت رێککەوتنێکی زۆر باش لەگەڵ ئێران بکرێت یان هیچ رێککەوتنێک ناکرێت و دەگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ و تەقەکردن کە ئەمجارەیان "گەورەتر و بەهێزتر" دەبێت لە جاران، گوتیشی: "کەس ئەوەی ناوێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی (سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن و بەحرەین) پێی راگەیاندوون؛ دوای هەموو ئەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم "مەتەڵە ئاڵۆزە" داویەتی، پێویستە وەک مەرجێکی بنەڕەتی، هەموو ئەم وڵاتانە دەستبەجێ واژۆ لەسەر "رێککەوتننامەی ئیبراهیم" بکەن. ترەمپ داوای کرد بەتایبەتی سعوودیە و قەتەر یەکەم لایەن بن کە واژۆ بکەن و وڵاتانی دیکەش شوێنیان بکەون.
سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی چاوەڕواننەکراوی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەگەر بەڵگەنامەکەمان واژۆ بکرێت، شانازییەکی گەورە دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ببێتە بەشێک لە رێککەوتننامەی ئیبراهیم. "ئای کە ئەوە چەند شتێکی تایبەت دەبێت" ترەمپ پێیوایە ئەمە دەبێتە گرنگترین رێککەوتن لە مێژوودا و هێز و سەقامگیری و گەشەی ئابووریی بێپێشینە بۆ ناوچەکە دەهێنێت.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی هێز و ئاشتیی راستەقینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی 5000 ساڵدا." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وڵاتانەی ئێستا ئەندامن لە رێککەوتنی ئیبراهیم (ئیمارات، بەحرەین، مەغریب، سوودان و کازاخستان) لە رووی دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گەشەیەکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.
ترەمپ رایگەیاند بە فەرمی داوای لە نوێنەرەکانی کردووە دەستبەجێ پرۆسەی چوونە ناوەوەی ئەو وڵاتانە بۆ ناو رێککەوتنی ئیبراهیم دەستپێبکەن و بە سەرکەوتوویی تەواوی بکەن، جەختیشی کردەوە کە هەر وڵاتێک نەیەتە نێو رێککەوتننامەکەوە، نابێت ببێتە بەشێک لە رێککەوتنە گەورەکەی ئێران، چونکە ئەوە نیشانەی "نیەتی خراپە".