ئێران خستنەخوارەوەی درۆنێکی لەسەر ئاوەکانی کەنداو راگەیاند
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە درۆنێک لەسەر ئاوەکانی کەنداو بخەنە خوارەوە، بەڵام لە بارەی لایەنی هێرشەکار و جۆری درۆنەکەوە هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە.
دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "فارس" بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ئێران لە چەند کاتژمێری رابردوودا سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی درۆنێکی دوژمن لەسەر ئاوەکانی کەنداو، ئەوەش بە بەکارھێنانی درۆنی "ئارش کەمانگیر" کە بە سیستەمێکی نوێ دروست کراوە.
ئاژانسەکە دەڵێت: "ئەم ئۆپراسیۆنە بە بەکارھێنانی سیستەمێکی خاوەن توانای شاراوە ئەنجامدراوە، پەیامێکی روون و یەکلاکەرەوەیە لەلایەن ئێرانەوە، هاوکات ئاماژەیە بۆ ئەوەی ھیچ درۆنێکی شاراوە (Stealth) ناتوانێت دزە بکاتە ناو ئاسمانی کەنداو".
راگەیاندنی خستنەخوارەوەی ئەم درۆنە، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە لیوا عەلی عەبدوڵاھی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی سیستەمی نوێی بەرگری ئاسمانی دەخاتە خزمەتەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ھێرشە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی کاراتر لەوەی کە هەبووە".
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێران لە ئێستادا باس لە دۆسیەی ئەتۆمی ناکات، بەڵکو سەرنجی لەسەر کۆتاییھێنان بە جەنگ و گەیشتنە بە باشترین چارەسەرەکان بەو جۆرەی کە بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت".
بەقایی گوتیشی: "تاران کاتی وەڵامدانەوەی دوژمن ھەڵدەبژێرێت، وەک چۆن پێشتر روویداوە"، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە، ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونی واشنتن بە بەڵێنەکانی، بەڵام تاران گرنگی بە ھەڕەشەکان نادات و تەنیا سەرنجی لەسەر زامنکردنی بەرژەوەندییەکانیەتی.