واشنتن پۆست: یاداشتنامە نوێیەکە رێککەوتنی ئەتۆمی لەخۆ ناگرێت
پۆست: ئەمریکا و ئێران لەسەر لێکتێگەیشتنێکی 60 رۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ کار دەکەن
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد، ئەمریکا و ئێران کار لەسەر رەشنووسی لێکتێگەیشتنێک دەکەن بۆ راگرتنی جەنگ، کردنەوەی گەرووی هورمز و راگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 رۆژە، بەڵام جێبەجێکردنی چاوەڕێی رەزامەندیی فەرمیی تارانە.
دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا و ئێران کار لەسەر چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێک دەکەن کە ئامانج لێی کردنەوەی گەرووی هورمز و درێژکردنەوەی ئاگربەستە بۆ ماوەی 60 رۆژ، وەک هەنگاوێک بەرەو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگی نێوانیان.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی واژۆ نەکراوە و پێشنیازەکە چاوەڕێی رەزامەندیی فەرمیی تارانە. بەپێی گوتەی دیپلۆماتکارێکی ئاگادار، ئەم چوارچێوەیە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی وزەی جیهانی دەبینرێت.
بەپێی رەشنووسەکە، ئێران پابەند دەبێت بەوەی دەستبەجێ گەرووی هورمز بکاتەوە و لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو مینە دەریاییەکان لادەبرێن تاوەکو جووڵەی کەشتیوانی بگەڕێتەوە دۆخی پێش جەنگ. هاوکات، ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان بە لوبنانیشەوە دەستبەجێ کۆتایی بە کردەوە سەربازییەکان دەهێنن لە هەموو بەرەکاندا، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بە شێوەیەکی هاوتەریب سووک دەکات.
بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندووە، لە قۆناغی یەکەمدا ئەمریکا 12 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات. بەڵام بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی کردەوە پارەکان ئازاد ناکرێن و گەمارۆکان لانابرێن تا ئەو کاتەی ئێران بە کردەیی دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی باڵا نەبێت. گوتیشی: "ئێران هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت تا پابەندییەکان جێبەجێ نەکات."
هەروەها گوتیشی: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە رێککەوتنی ئەتۆمی لەخۆ ناگرێت، بەڵکو تەنیا بەڵێنێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە لە قۆناغی دواتردا. هەروەها رێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو لایەنەکان و گرووپە بریکارەکان جەنگ رادەگرن، بەڵام مافی ئیسرائیل دەپارێزێت بۆ "وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ".
ئەم لێکتێگەیشتنە کە ئەمریکا بە ستراتیژی "متمانە بەڵام بە پشکنینی ورد" وەسفی دەکات، بڕیارە رۆژی دووشەممە وردەکاریی زیاتری لەبارەوە بڵاوبکرێتەوە.