هاتوچۆی هەولێر: هەر شوفێرێک زبڵ فڕێ بدات، لە رێگەی کامێراکانەوە سزا دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، لەمەودوا لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە ژینگە پیس دەکەن و پاشماوە فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رێکارەکانی پاراستن و پاک راگرتنی ژینگە لە سبەی سێشەممەوە 26ـی ئایاری 2026 لە کاتژمێر (6:00)ـی ئێوارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو بەروارە بەدواوە، هەر ئۆتۆمبێلێک زبڵ و خاشاک، دەبە، قوتوو و شووشەی خواردنەوەکان فڕێ بداتە سەر شەقام، وەک سەرپێچی بۆی هەژمار دەکرێت.
هاتوچۆی هەولێر جەختی کردووەتەوە، کە ئەم سەرپێچییانە لە رێگەی کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆییەوە تۆمار دەکرێن و سزای دارایی توندیان بۆ دیاری دەکرێت.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، داوا لە شوفێران کراوە پابەندی ڕێنماییەکان بن و هاوکار بن لە پاراستنی سیمای شار و پاکڕاگرتنی ژینگە، بۆ ئەوەی دووچاری سزای یاسایی نەبنەوە.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، بە پێی نووسراوی فەرمی ژمارە (11255)ـی بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە و گشتاندنی پێ کراوە، سەرجەم پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە، پۆلیسی هاتوچۆ و گشت دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەتەکە راسپێردراون بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بۆ گرتنەبەری رێکاری کرداری و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا کە هۆکار بێت بۆ پیسکردنی ژینگە.