گراھام: فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراھیم گرنگترین گۆڕانکارییە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست
لیندزی گراھام، سیناتۆری پارتی کۆمارییەکان، ستایشی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپی کرد کە داوای فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراھیم دەکات لە چوارچێوەی ھەر رێککەوتنێکی دانوستانکارانە لەگەڵ ئێران، گراھام ئەم ھەنگاوەی بە "گرنگترین گۆڕانکاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی ھەزاران ساڵی رابردوودا" وەسف کرد.
دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، لیندزی گراھام، سیناتۆری پارتی کۆمارییەکان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، چوونە ناوەوەی وڵاتانی نوێ، لەوانە سعودیە و پاکستان، بۆ ناو رێڕەوی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، دەبێتە ھۆی جێگیرکردنی ئاستێکی بێوێنە لە سەقامگیری ناوچەیی و دەرگا بەڕووی یەکگرتنی ئابووری فراوان لە ناوچەکەدا دەکاتەو..
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ھەنگاوەدا، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەیەک بۆ ئاڵۆزی و ململانێوە دەبێتە هێزێکی ئابووری گەورە و سەرچاوەی دەرفەت، ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پێشبینی کرد، عەرەب و ئیسرائیل پشتگیری ئەم رێڕەوە بکەن و گوتی: "شکست بژاردەیەکی لەبەرچاوگیراو نییە".
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە باشی بەڕێوە دەچن، بەڵام ھۆشدارییدا کە شکستھێنان لە گەیشتن بە رێککەوتن دەبێتە ھۆی گەڕانەوە بۆ جەنگ بە شێوەیەکی گەورەتر و بەھێزتر لە جاران.
ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ناوچەکە باسی لە فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراھیم کردووە هاوکات لەگەڵ ھەر رێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران، گوتیشی، ئەم هەنگاوە رەنگە ببێتە رووداوێکی مێژوویی کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
روونیشیکردەوە، راوێژەکان سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، ئوردن، بەحرەین، تورکیا و پاکستان دەگرێتەوە، و زۆربەی ئەم وڵاتانە پێویستە ئامادە و خوازیار و بەتوانا بن بۆ پەیوەستبوون بە رێککەوتنەکان.
ترەمپ گوتیشی، رێککەوتنەکانی ئیبراھیم دەستکەوتی ئابووری و کۆمەڵایەتییان بۆ وڵاتە ئەندامەکان ھەبووە، هاوکات جەختی کردەوە، فراوانکردنیان دەبێتە ھۆی ئەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببێتە "هێزێکی ئابووری مەزن" و خاوەن سەقامگیرییەکی بێوێنە بێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکات تەنانەت ئێرانیش بچێتە ناو رێککەوتنەکانی ئیبراھیمەوە ئەگەر رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ واشنتن واژۆ بکات، کە ئەوەش "ھاوپەیمانییەکی جیھانی بێوێنە" پێکدەھێنێت.