شاخەوان عەبدوڵڵا: کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەرێنی بوون

د.شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند کە لە دوو رۆژی رابردوودا هاوەڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ شاری بەغدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و چەسپاندنی رێگای دیالۆگ و تێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان.

دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، د.شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، لەم سەردانەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک دیداری گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا، سەرکردە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی عێراق ئەنجامداوە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر بارودۆخی سیاسی و گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندیی گشتی بکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەشکردووە، سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکان لە کەشێکی تەواو ئەرێنی و هاوتێگەیشتندا بەڕێوەچوون، و هەموو لایەک جەختیان لەسەر گرنگیی رۆڵی سەرۆک وەزیرانی هەرێم کردووەتەوە لە بەهێزکردنی هاوکاری و کارکردنی هاوبەش و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لایەنەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەکانی، بنەمای راستەقینە و باشترین رێگای چارەسەرن بۆ کێشەکان، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات.