بۆ یەکەمجار؛ لە وەرزی حەجدا درۆن بۆ گواستنەوەی دەرمان بەکاردەهێنرێت

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە سعوودیە، یەکەمین مۆڵەتی فەرمیی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە شوێنە پیرۆزەکان دەرکرد، بە مەبەستی گەیاندنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی سعوودیە رایگەیاند، "مۆڵەتی کارپێکردنیان بە کۆمپانیایەک بەخشیوە بۆ ئەوەی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، خزمەتگوزاریی لۆجستی و گەیاندنی دەرمان لە سنووری شوێنە پیرۆزەکانی مەککە ئەنجام بدات. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شانشینی سعوودیەدایە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم لە خزمەتکردنی حاجیاندا".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج لە دەرکردنی ئەم مۆڵەتە، بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و خێراکردنی وەڵامدانەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە لەو شوێنانەی کە قەرەباڵغییەکی زۆریان تێدایە، بەکارهێنانی درۆنەکان یارمەتیدەر دەبێت لەوەی دەرمان و پێداویستییە فریاگوزارییەکان بە خێراترین کات و بەپێی بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی بگەنە جێگەی مەبەست.

باس لەوەش کراوە، پێدانی ئەم مۆڵەتە فەرمییە دوای ئەوە دێت، کە لە وەرزی حەجی رابردوودا چەندین تاقیکردنەوەی مەیدانی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بواری پزیشکیدا ئەنجامدران و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا، ئەو ئەزموونانە بوونە بنەمایەک بۆ داڕشتنی رێسا و یاساکانی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە، نوێترین ئامار و داتاکانی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی حاجیانی بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، زیاتر لە 158 هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنی لە رێگەی هێڵی گەرمی (1966)ـەوە وەڵام دراونەتەوە و رێنمایی پێویست بە حاجیان دراوە.زیاتر لە 179 هەزار حاجی لە خزمەتگوزارییەکانی ناوەندی "نوسوک عەنایە" سوودمەند بوون.

ئەوەش راگەیەنراوە، تیمەکانی چاودێری، زیاتر لە 83 هەزار گەڕانی مەیدانییان بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە کوالێتی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام داوە.

زیاتر لە 300 هەزار حاجی لە دەسپێشخەرییەکانی "تیمی بەختەوەری" (فریق السعادة) سوودمەند بوون، کە ئامانجیان ڕەخساندنی کەشێکی پڕ لە شادییە بۆ حاجیان.

ئەم داتایانە لە کاتێکدا بڵاودەکرێنەوە کە سعوودیە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتە گەر بۆ پێشوازیکردن لە زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار حاجی.

سبەی سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، دەکاتە رۆژی عەرەفە و تەواوی حاجیان بۆ بەجێهێنانی گەورەترین رووکنی حەج دەچنە کێوی عەرەفە، کە دەکاتە نۆیەم رۆژی مانگی ذي الحجة.