شەکارچی: وەڵامی ئەمجارەمان سنووری ناوچەکە تێپەڕ دەکات

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیەنێت، هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی وەڵامێکی سەرسوڕهێنەری دەبێت و دەبێتە هۆی پەکخستنی تەواوی هەناردەی نەوت لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ئەبوفەزل شەکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی بۆ جەنگ ئامادەیە. لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێ لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە، ئێران لیستی ئامانجە ستراتیژییەکانی دیاری کردووە و وەڵامەکانمان سنووری ناوچەکە دەبەزێنن."

شەکارچی جەختی کردەوە، تاکتیکی ئەمجارەی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنان سوپڕایز و نوێ دەبێت و زۆر توندتر دەبێت لەو جەنگانەی پێشتر ناوچەکە بەخۆیەوە بینیویەتی.

سەبارەت بە ئاسایشی وزە، گوتەبێژەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەیەکی راستەوخۆی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد و گوتی: "ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت و رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، ئەوا ەێگری لە دەرچوونی نەوتی تەواوی ناوچەکە دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بە توندی کۆنتڕۆڵی رێڕەوە ئاوییەکان و گەرووی هورمز دەکات.

شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەند بەلەمێکی ئێرانییان لە باشووری دوورگەی لارک کردە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی کوژراون کە ناسنامەی سێیان ئاشکرا کراوە بە ناوەکانی (عەباس ئیسلامی، قودرەت زەرەنگاری، و عەبدولڕەزا گوڵزاری).

لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکۆم" بۆ فۆکس نیوزی رایگەیاند، هێرشەکە بەرگری بووە لەخۆکردن و ئەو بەلەم و سەکۆیانەیان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی چاندنی مینیان لە دەریادا داوە بۆ تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی.