جووتیارێکی دەشتی هەریر لە یەک داردا 20 جۆری میوە بەرهەم دەهێنێت

لە گوندی فاتاوەی سەر بە دەشتی هەریر، جووتیارێکی نموونەیی بە ناوی دلێر فاتاوەیی، توانیویەتی سەرنجی ناوەندە زانستی و کشتوکاڵییەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، ئەو جووتیارە خاوەنی زیاتر لە 15 ساڵ ئەزموونە لە بواری موتربەکردنی داری بەرداردا، تەواوی باخەکەی گۆڕیوە بۆ تاقیگەیەکی زیندووی داهێنانە کشتوکاڵییەکان.

 دلێر فاتاوەیی جووتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند، توانیویەتی لەسەر یەک بنەچەی دار، 20 جۆر میوەی جیاواز موتربە بکات، بە شێوەیەک کە دارەکە لە 3 وەرزی جیاوازدا بەرهەم دەدات، لە ئێستا یەک داری باخەکەی ئەو، لە هەمان کاتدا میوەکانی وەک قەیسی، گێلاس، هەڵوژە و چەندین جۆری دیکە دەگرێت.

ئەو جووتیارە ئەو توانیویەتی، گوێزی کوردی بە سەرکەوتوویی لەگەڵ گوێزی ئەمریکی و ئیسرائیلی موتربە بکات، هەروەها داری مێو لەسەر یەک بنەچە، 7 جۆری جیاوازی ترێ بەرهەم دەهێنێت.

دلیر فاتاوەیی گوتی: ئەگەر پشتیوانی زیاتر بکرێم، دەتوانم پرۆژەکەم زۆر بەرەو پێش ببەم و داهێنانی زیاتریش ئەنجام بدەم.

پرۆژەکەی فاتاوەیی تەنیا رەهەندێکی بەرهەمهێنانی نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی بژێوی و فێربوون بۆ گەنجانی ناوچەکە. لە ئێستا 10 گەنج لەلای ئەو کار دەکەن، کە هەم هاوکاری دەکەن و هەمیش فێری پیشەی موتربەکردن دەبن، هاوکات، باخەکەی بووەتە فێرگەی قوتابیانی زانکۆ و توێژەرانی بواری کشتوکاڵ، کە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردانی دەکەن.