ئاژانسی تەسنیم: تاران و ئەمریکا دانوستان لەسەر پارە بلۆککراوەکان دەکەن

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیمی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئازادکردنی نزیکەی 24 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، وەک یەکێک لە دیارترین بڕگە پێشنیازکراوەکانی ناو رەشنووسی لێکگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن دادەنرێت کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

بەگوتەی سەرچاوەکە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ئازادکردنی ئەو پارانە، سەردانی قەتەری کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەتەر نێوەندگیرییەکی چڕ لە نێوان هەردوولادا دەکات.

ئاژانسی تەسنیم دووپاتی کردەوە، سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف بۆ قەتەر، بووەتە هۆی بەدیهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن.

لای خۆشییەوە، ئاژانسی فارسی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە، نێوەندگیرییەکەی قەتەر لە ئێستادا کار لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران دەکات، چونکە ئەمە وەک دواین خاڵی ناکۆک لە دانوستانەکاندا ماوەتەوە.

ئاژانسەکە روونیکردەوە، لێکگەیشتنەکانی نێوان واشنتن و تاران، دوای چارەسەرکردنی زۆربەی دۆسیە ناکۆکەکان، لە قۆناغی کۆتایی خۆیان نزیکبوونەتەوە و لە ئێستا گفتوگۆکان تەنیا لەسەر میکانیزمەکانی ئازادکردنی پارەکان و مەرجەکانی جێبەجێکردنی لە چوارچێوەی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدا چڕبوونەتەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن: کۆی گشتی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە نێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلار دەبێت، کە بریتین لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران لە بانکە نێودەوڵەتییەکاندا بەهۆی سزاکانەوە. ئێران ئازادکردنی ئەم پارانە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی هەر لێکگەیشتنێک دادەنێت.

دیارترین ئەو وڵاتانەی کە داهاتی دارایی ئێرانیان تێدا پارێزراوە بریتییە لە چین، کە نزیکەی 20 ملیار دۆلار داهاتی نەوت لەو وڵاتەیە، هەروەها نزیکەی 7 ملیار دۆلاریش لە هیندستانە، نزیکەی 6 ملیار دۆلار داهاتی هەناردەکردنی گاز و کارەبا لە عێراقە، هەروەها لە کۆریای باشووریش 6 ملیار دۆلاری ئێران بلۆککراوە کە پێشتر لە چوارچێوەی لێگەیشتنێک گواسترابووەوە قەتەر.