بۆ رۆژانی جەژن، پێشبینی هاتنی سەدان هەزار گەشتیار دەکرێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژانی جەژن، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، پلانی تۆکمە و ئامادەکاریی بەرفراوانیان بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆلێکی گەورەی گەشتیاران راگەیاند. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ملیۆنێک گەشتیار روویان لە هەولێر کردووە و پێشبینی دەکرێت بۆ رۆژانی جەژن ژمارەکان ریکۆردی نوێ تۆمار بکەن.

هەولێر؛ زیاتر لە 860 هەزار گەشتیار لە چوار مانگدا

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتبە ماڵپەڕی کوردستان24 نوێترین ئاماری خستەڕوو و رایگەیاند: "تاوەکو کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ، 861 هەزار و 501 گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە."

سەبارەت بە پلانی جەژن، ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان لە هەموو دەروازە و بازگەکان جێگیر کراون بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. لیژنەکانی چاودێری لە ناو شاری هەولێر بەردەوام دەبن لە پشکنینی هۆتێل، چێشتخانە و یانە گەشتیارییەکان تا دڵنیابن لەوەی هیچ گرفتێک بۆ گەشتیاران دروست نابێت و خزمەتگوزارییەکان بە بەرزترین کوالێتی پێشکەش دەکرێن. گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەولێر گوتیشی: "هەرچەندە ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ جەژن پێشبینی نەکراوە، بەڵام هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ پێشوازی لە زۆرترین ژمارەی گەشتیار کردووە."

سلێمانی.. هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کراوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، تەواوی تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ پێشوازیکردن و هاوکاریکردنی ئەو گەشتیارانەی بۆ بەسەربردنی پشووەکانی جەژن روو لە پارێزگاکە دەکەن.

گۆران قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 راایگەیاند: "ماوەی دوو رۆژە خەریکی ئامادەکاریین بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارانەی کە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شوێنەکانی دیکەوە روو لە پارێزگای سلێمانی دەکەن."

گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو تیمەکانیان خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی و رێنمایی پێویست پێشکەشی گەشتیاران بکەن. گوتیشی: "سەنتەرێکی زانیاریی گەشتیاریمان لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی کردووەتەوە و لە تەواوی رۆژانی جەژن و پشووەکاندا کارا دەبێت بۆ خزمەتکردنی گەشتیاران."

لە لایەکی دیکەوە، گۆران قادر دڵنیایی دا، لە هەموو ئەو بازگانەی گەشتیاران لێیانەوە داخڵی پارێزگاکە دەبن، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شایستە پێشوازییان لێ بکرێت و کارئاسانییان بۆ بکرێت، تاوەکو بەبێ گرفت کاتەکانیان لە ناوچە گەشتیارییەکان بەسەر بەرن.

دهۆک؛ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و گرنگیدان بە ژینگە

لە پارێزگای دهۆک، ئامادەکارییەکان رەهەندێکی جیاوازیان گرتووەتە بەر. شەمال هروری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت؛ پارێزگاکە خاوەنی 750 بنکەی گەشتیارییە و توانای حەوانەوەی 15 بۆ 17 هەزار گەشتیاریان لە یەک شەودا هەیە، جگە لە 200 بۆ 250 شوێنی گەشتیاری سروشتی.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک ئاماژەی بەوەدا، بۆ هەر پشوو و بۆنەیەک، پلان و بەرنامەی تایبەتیان هەیە. بۆ ئەم جەژنەش، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتی، چەندین رێکاری گرنگ گیراونەتەبەر، لەوانە، رێنمایی و نەخشەی شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر کۆمپانیاکان و گەشتیاراندا دابەش دەکرێت. کارتی تایبەت کە "QR Code" و ژمارەی پەیوەندی بۆ گەیاندنی سکاڵا لەخۆدەگرێت، بڵاودەکرێتەوە تا گەشتیاران بتوانن بە ئاسانی پەیوەندی بکەن. هەروەها تیمەکانی گەشتوگوزار سەردانی بنکە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان. لەگەڵ کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ کۆمەڵەی هۆتێل و چێشتخانەکان کراوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە گەشتیاران.

یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی پلانی ئەمساڵ، گرنگیدانە بە پاراستنی ژینگە، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. شەمال هروری گوتی: "لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە و چەندین چالاکییان ئەنجامداوە، وەک دروستکردنی پۆستەر و بڵاوکردنەوەی بەردەوامی رێنماییەکانی ژینگەپارێزی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی." 

سۆران.. ئاهەنگ و فێستیڤاڵ لە چیا و سەیرانگاکان

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە ناوچە سارد و کوێستانییەکانی ناسراوە، ئامادەکاری تەواوی کردووە. کەمال خوداد، گوتەبێژی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرای کرد، لە شوێنە ستراتیژییەکانی وەک چیای کۆڕەک، شنگلبانە و پڕژێ، ئیڤێنت و ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی بۆ گەشتیاران رێکخراوە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، کەمال خوداد گوتی: "هەرچەندە بەهۆی مەترسییەکانی درۆن جۆرێک لە دڵەڕاوکێ هەیە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەم گەشتیاران، چونکە کەشوهەوای ناوچەکە زۆر گونجاوە." ئاماژەی بەوەش دا، دەروازەی حاجی ئۆمەران جەنجاڵییەکی زۆری پێوە دیارە و ئاماری کۆتاییش دوای پشووەکان رادەگەیەنرێت.

لە هەڵەبجە پێشبینی زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار دەکرێت

لە پارێزگای هەڵەبجە، گەشبینییەکی زۆر هەیە بۆ هاتنی گەشتیار. چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "بەهۆی پشووەکانی ناوەندی ساڵ و ئەو بارانە زۆرەی باریوە، سروشتی ناوچەکە زۆر دڵڕفێن بووە، بۆیە پێشبینی دەکەین زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روومان تێبکەن."

چیا قاسم باسی لەوە کرد، تیمەکانی ئامار و چاودێری لە هەموو بنکە گەشتیارییەکان دەکەین و تیمەکان لە شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەی سنوورەکە جێگیر کراون. ئاماژەی بەوەش دا "کۆمەڵێک کوڕ و کچی شارەزا لە زمانە جیاوازەکان لە ناوچە گەشتیارییەکان ئامادەن بۆ هاوکاری و رێنماییکردنی گەشتیاران، هەروەها خۆشم بە مەیدانی لە ناوچەکان دەبم بۆ هەماهەنگی و سەرپەرشتیکردنی کارەکان."

دەربارەی پاراستنی گیانی گەشتیاران و دابینکردنی ئارامی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزار رایگەیاند؛ بنکە گەشتیارییەکان %100 ئامادەن و هەماهەنگی تەواو لە نێوان پۆلیسی گەشتوگوزار، بەرگریی شارستانی و پۆلیسی هاتووچۆدا هەیە.

چیا قاسم دڵنیایی دایە گەشتیاران دۆخی ئەمنی و ئارامی ناوچەکە زۆر باشە و گوتی: "هیچ رووداوێکی نەخوازراوی ئەوتۆمان نەبووە، ئاستی خنکان لە نزمترین ئاستدایە".

بە گشتی، هەرێمی کوردستان بە هەموو پارێزگاکانییەوە لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ ئەوەی جەژنێکی ئارام و پڕ لە چێژ بۆ گەشتیاران دابین بکات، چاوەکان هەموویان لەسەر ئەوەن کە کەرتی گەشتوگوزار لەم وەرزەدا ببێتە هێزی ئابووری ناوچەکە.