لیستی مووچەی مانگی ئایار بڵاوکرایەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئایار (5) ـی فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە و هەر ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی ئایاری 2026 دەستبەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026 کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، ئەو مووچەخۆرانەی بەگوێرەی خشتەکە، ئەمڕۆ سێشەممە مووچە وەردەگرن، لەدوای کاتژمێر پێنجی ئێوارەوە سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان.

هەروەها جەخت دەکاتەوە کە لە رۆژانی جەژنیشیدا دابەشکردنی مووچە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی بەدواوە لە بانکەکان بەردەوام دەبێت بەگوێرەی خشتەی بڵاوکراوە.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندبوو، سەرەڕای نەبوونی دەوامی فەرمی و پشووی جەژن لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت

 

 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026 وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی 50 ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ

ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای هەموو ئەو رێوشوێن و رێکارانە، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە کۆی 970,741,514,914 ، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق و لە کاتژمێر سێ ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها  890,502,000,000  لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ زیاتر لە 80 ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

راشیگەیاند، سەرەڕای نەبونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی راسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.