سەرۆک بارزانی: هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی كوردستان

سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان: بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن

سەرۆک بارزانی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات، دوای جەژن کۆببنەوە ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارە بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بهێنن. دەشڵێت: بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێی بێ ئەنجام و خۆخۆریی بێنن.

سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، سەرۆک بارزانی بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە، لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی لە موسڵمانان کرد و چەند داواکارییەکیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییکانی هەرێم کرد.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان، عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.

هاوکات دەڵێت: لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خوای گەورە داواكارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان بە دی بهێننێت.

هەر لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی چەند داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد و گوتی: لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا، هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن.

لە درێژەی داواکارییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا هاتووە، واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بە دەستیەوە دەناڵێنێت.

سەرۆک بارزانی دووبارە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات، لە دوای جەژنی پیرۆزی قوربان بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بە یەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارە بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن.

دەشڵێت: ئەمە ئەركێكی ویژدانی، نەتەوەیی و نیشتیمانییە، پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست.

سەرۆک بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواستووە، کە ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان.