کۆی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران چەندە ؟
بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کۆی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە جیهاندا گەیشتووەتە 100 بۆ 120 ملیار دۆلار، کە یەک لەسەر سێی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت؛ هەروەها جەنگی داراییان بۆ ناو بازاڕی کریپتۆش فراوان کردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار لە دراوە دیجیتاڵییەکانی ئەو وڵاتەدا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆیتەرز و فاینانشیاڵ تایمز، کۆی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە نێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلار دایە (کە دەکاتە یەک لەسەر سێی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە) و بەم شێوەیە دابەش بوون:
چین: نزیکەی 20 ملیار دۆلار (داهاتی نەوت و گاز).
قەتەر: نزیکەی 12 ملیار دۆلار (کە 6 ملیار دۆلاریان لە 2023 لە کۆریای باشوورەوە بۆی گواستراوەتەوە).
عێراق: لە نێوان 6 بۆ 10 ملیار دۆلار (کە زۆربەی داهاتی فرۆشی کارەبا و گازە).
هیندستان: نزیکەی 7 ملیار دۆلار.
کۆریای باشوور: 7 ملیار دۆلار (کە گواستراوەتەوە بۆ بانکەکانی قەتەر).
لوکسمبۆرگ و ژاپۆن: نزیکەی 2 ملیار دۆلار (بۆ هەر وڵاتێک 1 ملیار).
بەپێی ڕاپۆرتێکی Fox Business و لێدوانی پێشووی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، وڵاتەکەی دەستی بەسەر نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار دارایی کرێپتۆی ئێراندا گرتووە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی ڕقی ئابووری (Economic Fury)
ماڵپەڕی Cointelegraph بڵاوی کردەوە کە کۆمپانیای (Tether) بە فەرمی 344 ملیۆن دۆلار لە جۆری (USDT)ی سەر بە ئێرانی بلۆک کردووە، ئەمەش لەسەر داوای نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا (OFAC).
دوێنێ ئاژانسی تەسنیم و ئیرنا ڕایانگەیاندبوو، شاندی ئێران گەیشتووەتە قەتەر، شاندەکە لە محەمەدباقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان (سەرۆکی شاندەکە)، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەبدولناسر هێمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی پێکهاتوون. ڕۆژنامەی فەینانشاڵ تایمز ئاماژە بەوە کردبوو ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی نیشانەی ئەوەیە دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغی یەکلاکردنەوەی شێوازی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست و ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دانوستانەکانی دەوحەدا باس لەم ژمارانە دەکرێت:
24 ملیار دۆلار: ئەو بڕە پارەیەیە کە ئەمریکا وەک قۆناغی یەکەم ئامادەیی نیشانداوە ئازادی بکات (یەک لەسەر پێنجیی کۆی پارەکان).
12 ملیار دۆلار: ئەو بڕەیە کە ئێران داوای دەکات دەستبەجێ ڕێگەی پێبدرێت بەکاری بهێنێت.
6 ملیار دۆلار: ئەو پارەیەیە کە لە قەتەرە و هەردوولا نزیکن لە ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی.