وۆڵ ستریت جۆرناڵ: هێزی دەریایی ئەمریکا دەست دەکاتەوە بە پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی کردووەتەوە بە پرۆسەی یاوەریکردن و پاراستنی کەشتییەکان بۆ پەڕینەوە لە گەرووی هورمز.

سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە رایانگەیاندووە،"هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاحی یۆنانی کردووە کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، لە کاتی پەڕینەوەی لە کەناراوەکانی عومان".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "کەشتییەکە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە لە کەنداو گیریخواردبوو، ئێستاش بەرەو وڵاتی هیندستان بەڕێکەوتووە بۆ گەیاندنی بارەکەی".

وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەش کردووە، ئەم پاراستنەی هێزی دەریایی ئەمریکا دابینی دەکات، درێژکراوەی دەسپێشخەری "پڕۆژەی ئازادی"یە (Project Freedom). ئەمە دەسپێشخەرییەکی پێشوو بوو کە ئامانجی رێنوێنیکردنی کەشتییەکان بوو لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەکاندا، کە نزیکەی 36 کاتژمێر دوای دەستپێکردنی پرۆسەکە راگیرابوو.

بەرپرسەکان روونیان کردووەتەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا پلانی هەیە لە ماوەی رۆژانی داهاتوودا هاوکاری نزیکەی 12 کەشتی بکات، لە نێویاندا نەوتهەڵگری زەبەلاح و کەشتی بارهەڵگر، بۆ پەڕینەوە لەو رێڕەوە ئاوییە".