ئومێد خۆشناو: لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 76 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە
پارێزگاری هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییەکانی دەستەی ژینگە و وەزارەتی ناوخۆ بن، بۆ پاکراگرتنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ئومێدخۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بازگەی شێراوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە دوای تاقیکردنەوەکان و تەواوبوونی پرۆسەی خوێندن، هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر زیادیکردووە، لە 19ـی ئایارەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 76 هەزار سەردانی هەولێریان کردووە، هەروەها ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتنی گەشتیاران کراوە.
ئومێدخۆشناو گوتیشی: بەشی زۆری ئەو گەشتیارانەی هاتوون لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، هاوکات پێشبینی دەکەین لە رۆژی دووەمی جەژنەوە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بە لێشاو سەردانی هەولێر بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە و ناوچە گەشتیارییەکان دیمەنێکی جوانی بەهاریا داپۆشیوە، هاوکات تەواوبوونی ژمارەیەک پۆند و بەنداو لە دەورووبەری هەولێر هۆکارێکی دیکەن بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.
پارێزگاری هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییەکانی دەستەی ژینگە و وەزارەتی ناوخۆ بن، بۆ پاکراگرتنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.