ئێران داوای ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکەی دەکات

چەند سەرچاوەیەک بە کەناڵی العربیەی راگەیاندووە، سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکار بۆ وڵاتی قەتەر، تایبەت بووە بە تاووتوێکردنی میکانیزمی ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، ئێران داوای ئازادکردنی نزیکەی 24 ملیار دۆلاری بلۆکەکراو دەکات.

تاران جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، دەبێت هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی یاداشتی لێکگەیشتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ واشنتن، نیوەی ئەو بڕە پارەیەی رادەست بکرێت.

هەر بەگوێرەی سەرچاوەکان، لایەنی ئێرانی هەوڵدەدات نیوەی دووەمی پارە بلۆکەکراوەکان لە ماوەیەکدا کە 60 رۆژ تێپەڕ نەکات بگوازرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێکخستنە دارایی و دیپلۆماسییانەی کە ئێستا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

بەگوێرەی راپۆرتی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، گەورە متمانەپێکراوی گفتوگۆکاری ئێران دوای ئەنجامدانی راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی قەتەری لە دۆحە، گەڕایەوە تاران. هاوکات ئاژانسی "فارس"یش گەڕانەوەی شاندەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە تەوەری سەرەکی وتوێژەکانی نێوان بەرپرسانی تاران و دۆحە، پرسی گەڕاندنەوەی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی رایگەیاند؛ سەردانەکەی "قالیباف" بۆ قەتەر پێشکەوتنی بەرچاوی لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەدەستهێناوە. ئاژانسی "تەسنیم"یش بڵاوی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە گەیشتن بووە بە رێککەوتنێک سەبارەت بەو پارە ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵات بلۆککراوە.

خەمڵاندنە جیاوازەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران پتر لە 100 ملیار دۆلارە، هەرچەندە تا ئێستا ژمارەیەکی ورد و فەرمی کە هەمووان لەسەری کۆک بن نییە.

ماڵپەڕی "euronews" ئاماژەی بەوە کردووە، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە دانیشتنێکی مانگی شوباتی رابردوودا دانی بەوەدا ناوە کە واشنتن بە ئەنقەست سیاسەتی دروستکردنی کەمیی دۆلاری لە ناوخۆی ئێران پەیڕەو کردووە؛ ئەمەش بە مەبەستی دروستکردنی ئاڵۆزیی ئابووری و هاندانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بووە.