مارکۆ روبیۆ: بەهەر شێوەیەک بێت گەرووی هورمز دەکەینەوە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ بەهەرشێوەیەک بێت گەرووی هورمز دەکەینەوە؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئەم دواییە و ئەو هێرشانەی ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە چەند پێگەیەکی لە ناو ئێراندا کردە ئامانج.

روبیۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "گەرووەکان دەبێت کراوە بن، و بە هەر شێوەیەک بێت دەکرێنەوە و دەبێت بە کراوەیی بمێننەوە."

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، دانوستان لەسەر بنەمای رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران هێشتا بەردەوامە، و روونیشیکردەوە، "ئەم پرۆسەیە رەنگە چەند رۆژێکی بخایەنێت."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەم پرسە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رێککەوتن لەگەڵ ئێران یان رێککەوتنێکی پڕدەستکەوت و پڕمانا دەبێت، یان هیچ رێککەوتنێک نابێت. بە تەواوی پێچەوانەی کارەساتی بەرجام دەبێت ئیدارە شکستخواردووەکەی ئۆباما دانوستانی لەسەر کرد، ئەوەش رێگەیەکی راستەوخۆ و کراوە بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. نەخێر، من رێککەوتنی لەو شێوەیە ناکەم!".

ئەم دانوستانانەی ئێستا لە کاتێکدان، ناوچەکە بەهۆی جەنگێکی 39 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا تووشی قەیرانێکی گەورە بووە، بۆیە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگەکە و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر چڕتر بوونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئێران بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە گرفتارە و هەوڵ دەدات لە بەرانبەر هەر رێککەوتنێکدا، ملیارەها دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی لە دەرەوەی وڵات ئازاد بکرێت.