فڕۆکەی F-100 سوپەر سایبەر، مۆتەکەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا
فڕۆکەی جەنگی f-100 سوپەر سایبەر وەک یەکەم فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی دەناسرێت کە بە پارەیەکی زۆر بەرهەم هێنراوە و خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە.
یەکێک لە دیارترین ئەم رووداوانە، خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ستراتیژی ئەمریکی بوو لە جۆری b-52 ستراتۆفۆرتریس بەبێ مەبەست، ئەوەش لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا لە 7ی نیسانی 1961 لە ئاسمانی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ، کاتێک فڕۆکەکانی f-100 خەریکی مانۆڕی رێگری بوون بەرامبەر فڕۆکە ستراتیژییەکە.
لە کاتی یەکێک لە مانۆڕەکاندا، مووشەکێکی جۆری "ئەی ئای ئێم-9 سایدویندەر" بەبێ مەبەست لە یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانەوە تەقێنرا و راستەوخۆ بەر بزوێنەری فڕۆکە ستراتیژییەکە کەوت. هەرچەندە تیمی فڕۆکەکە توانییان بە پەڕەشووت خۆیان فڕێ بدەنە خوارەوە، بەڵام سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا.
پێش ئەم رووداوە و لە نیسانی 1958دا، لە کاتی مەشقیی ئەم فڕۆکەیە لەگەڵ فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری مەدەنی لە جۆری "دۆگلاس دی سی-7" پێکیاندا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 47 کەس کە دوو فڕۆکەوانەکەشی تێدابوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی کارپێکردنی فڕۆکەکە، هێزی ئاسمانی ئەمریکا 889 فڕۆکەی لەم جۆرەی لە ماوەی خزمەتەکەیدا لەدەستداوە، هەروەها 324 سەرباز لە رووداوە جیاوازەکاندا کوژراون. تەنیا لە تەمموزی ساڵی 1958دا 30 فڕۆکەی لەم جۆرە تێکشکان، لە کاتێکدا ژمارەی فڕۆکە لەدەستچووەکان لە ماوەی یەک ساڵدا گەیشتە 116 فڕۆکە، جگە لە لەدەستدانی 242 فڕۆکەی دیکە لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا.
ئەم فڕۆکەیە لە دەرەوەی ئەمریکاش کارەساتی خوێناوی تومار کردووە، لەوانە لە ساڵی 1962 لە وڵاتی تورکیا، فڕۆکەیەکی f-100 لەگەڵ شەمەندەفەرێکدا پێکیاندا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 250 کەس.
لە رووی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانەوە، کێشی ئەوپەڕی فڕینی ئەم فڕۆکەیە 15.8 تۆنە، خێراییەکەی دەگاتە 1390 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و مەودای فڕینەکەشی 3210 کیلۆمەترە. فڕۆکەکە چوار تۆپی عەیار 20 ملمی لەسەر جێگیر کراوە و دەتوانێت 3402 کیلۆگرام بۆمب هەڵبگرێت. جێی ئاماژەیە کۆی گشتیی ئەو فڕۆکانەی لەم جۆرە بەرهەم هێنراون 2294 فڕۆکە بووە.