بەرگریی شارستانیی هەولێر: 12 تیمی مەلەوانی لە دەوروبەری هەولێر جێگیر کراون
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، پلانی گشتگیری بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان راگەیاند، کە ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و رێگریکردنە لە هەر رووداوێکی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە یان خنکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی پلانێکی داڕێژراو کە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە پەسند کراوە، تیمەکانیان لە تەواوی ناوچە جیاوازەکان بڵاوەیان پێ کراوە.
بە گوتەی خۆی، ئەم پلانە شوێنە گشتییەکان، بازاڕەکان، مۆڵە گەورەکان و ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کەجەنجاڵییەکی زۆریان لەسەرە. ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئەرکدا دەبن و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر بانگەوازێکی هاووڵاتیان.
لەبارەی مەترسییەکانی خنکان لە وەرزی هاوین و رۆژانی جەژندا، شاخەوان سەعید روونیشی کردەوە، 12 تیمی مەلەوانی و ژێرئاویان لە دەوروبەری هەولێر و لەو شوێنانەی گەشتیاران بۆ مەلەکردن رووی تێ دەکەن، جێگیر کردووە.
گوتەبێژەکە داوای لە هاووڵاتییان کرد، بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە مەلە نەکەن تابلۆی قەدەغەکردنی لێ دراوە، چونکە لەمساڵدا حەوت حاڵەتی خنکان لە سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون.
شاخەوان سەعید ئەوەشی خستە روو، هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ پۆلیسی هەولێر هەیە بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی یاریی ئاگرین و تەقەمەنییەکان، چونکە ساڵانی رابردوو بوونەتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێل، ماڵ و برینداربوونی چاوی منداڵان.
لە درێژەی قسەکانیدا، شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە دایکان و باوکان بەرپرسیارێتیی پاراستنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن و رێگە نەدەن یارییە مەترسیدارەکان بەکار بهێنن. هەروەها داوای لە گەشتیاران و رێبەرانی گرووپە گەشتیارییەکان کرد، پێش چوون بۆ هەر ناوچەیەک، زانیاری لەسەر شوێنەکە وەربگرن و رێنماییەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن.
شاخەوان سەعید جەختی کردەوە، ژمارەکانی 115 و 125 بەردەوام کراوەن و هاووڵاتیان دەتوانن لە کاتی هەر پێویستییەکدا پەیوەندییان پێوە بکەن تا تیمەکان لە زووترین کاتدا بگەنە شوێنی رووداوەکە.