وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران: دوژمن هەوڵی دابەشکردنی وڵات دەدات
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییەکی توند لە بارەی دەستوەردانی دەرەکی لە دۆخی ناوخی وڵاتەکە دەدات و هاووڵاتیانیش ئاگادار دەکاتەوە، هەر کارێکی تێکدەرانە و هاوکاریی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی، سزاکەی قورس دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران راگەیەندراوێکی بەناوی "قسەیەک بۆ پارێزەری نیعمەتەکان، هۆشدارییەک بۆ دوژمنان " بڵاوکردەوە.
تێیدا هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی دوایین هەلومەرجی سێیەم جەنگی سەپێنراو و مەرجەکانی ئێستای هەواڵگری-ئاسایشی وڵاتەکە"، هاووڵاتیانی ئاگادار دەکاتەوە، لەوەی هەر هەوڵێکی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ بۆ دروستکردنی ئاژاوەگێڕی، تێکدەری، سیخوڕی بۆ هەواڵگریی وڵاتان یان گفتوگۆ و پەیوەندی کردن بە میدیای ئیسرائیلییەوە، یاخود هەر کردارێک بۆ لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکگرتوویی ئێران و دروستکردنی ناتەبایی کۆمەڵایەتی، سزای توندو قورسی دەبێت.
هەروەها جەخت دەکاتەوە، بە قاچاخ ئاودیوکردنی چەک و ئامێری پەیوەندیی نایاسایی وەک ستارلینک بۆ ناوخۆی ئێران، یان هەر کردەیەکی دژ بە ئەندامان و دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان، یاخود هەر جموجوڵەیەکی نەتەوەیی و مەزهەبی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی ئێران، بە گوێرەی یاسا بەرکارەکانی ناوخۆی ئێران، تۆمەتباران دادگایی و سزا دەدرێن.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە "لە 47 ساڵی رابردوودا، کۆماری ئیسلامی خۆڕاگربووە لەبەردەم شەپۆلی توند و بەردەوامی پیلانگێڕییەکانی دژومن، بە تایبەتی لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوو و شوباتی ئەمساڵ، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو، کە ئامانجیان داگیرکاریی خاک و دابەشکردن، خۆبەدەستەوەدان بوون، بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی و دەسەڵات بڕوخێنن، بەڵام بە پشتیوانی خوا و رێبەری شۆڕشی ئێران، ئامانجەکانی دوژمن نەهاتنەدی".
هەروەها رایگەیاندووە، دوژمنانی ئێران لە مەیدانی جەنگ شکستیان هێناوە، ئێستا هەوڵ ئاژاوەنانەوە و دروستکرد دووبەرەکی ناوخۆ و دابەشکردنی ئێرانن، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات توانیویەتی گورزی کوشندەی هەواڵگری لە فەرماندە و ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل بدات، هاوکات هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە نهێنیانە لە ئیسرائیل دەکات کە لە بارەی ئێرانەوە پلانیان بۆی داڕشتووە.