سوپای پاسدارانی: تێپەڕین وڵاتانی دوژمن بە گەرووی هورمز قەدەخەیە
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە دیپلۆماسییەکان، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی نوێدا جەختی کردەوە، تێپەڕبوونی کەشتیی سەر بە وڵاتانی دوژمن بە گەرووی هورمزدا بە تەواوی قەدەخەیە و تەنیا هاوکاریی ئەو وڵاتانە دەکەن کە پابەندی فەرمانەکانی تاران دەبن.
سوپای پاسدارانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، لە رایگەیاندراوێکدا جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە، کە تێپەڕبوونی کەشتی وڵاتانی دوژمنی ئێران بە گەرووی هورمز قەدەخەیە.
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران راگەیەندراوەکەی سوپای پاسدارانی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە "ئەو مەرجەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران داناوە، هەر وەک خۆیەتی و کەشتییەکانی هیچ وڵاتێکی دوژمنی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت".
هەروەها رایگەیاندووە، لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە گوێرەی هەماهەنگییەکان رێگەی تێپەڕبوونیان بە 23 کەشتی داوە و چەند کەشتییەکی دیکەش رەنگە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا رێگەی تێپەڕبوونیان بۆ بکرێتەوە.
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، کە هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکات کە پابەندی فەرمانی ئێران دەبن.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکرد و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.
یەکێک لە کاردانەوەکانی تاران بەرانبەر هێرشەکان، داخستنی گەرووی هورمز بوو بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا، بەڵام ئەمریکا بە خێرایی گەمارۆی خستە سەر گەرووەکە. دواتر بە نێوەندگیریی راستەوخۆی پاکستان، ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەنرا بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی و گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی.