کۆشکی سپی راپۆرتەکانی میدیاکانی ئێران دەربارەی رەشنووسی رێککەوتنەکە رەتدەکاتەوە
کۆشکی سپی بە توندی ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە میدیاکانی ئێران دەربارەی هەبوونی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران بڵاویان کردووەتەوە و ناوەڕۆکەکەی بە "هەڵبەستراوێکی تەواو" وەسف کرد.
چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، لە وەڵامێکی خێرادا بۆ ئەو زانیارییانەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردبوونەوە، کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "ئەم راپۆرتەی میدیاکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێران راست نییە و ئەو یاداشتنامەیەی کە گوایە بڵاویان کردووەتەوە، بە تەواوی هەڵبەستراوە."
کۆشکی سپی هۆشداری دا کە نابێت بڕوا بەو زانیارییانە بکرێت کە لە سەرچاوە فەرمییەکانی تارانەوە بڵاو دەکرێنەوە و جەختی کردەوە: "هیچ کەسێک نابێت بڕوا بەوە بکات کە میدیای دەوڵەتیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە، چونکە راستییەکان گرنگن."
ئەم رەتکردنەوە توندەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران رەشنووسێکی "نا فەرمی"یان بڵاو کردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەمریکا رازی بووە بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە لە بەرانبەر کردنەوەی تەنگەی هورمز.