ترەمپ: تا ئێستا ئێمە بە پێشنیازی ئێران رازی نین

ترەمپ: لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران لە بەرانبەر رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو نابێت

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی دا، ئێران لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە و بە چڕی هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ واشنتن دەدات. ترەمپ هۆشداری دا یان دەبێت رێککەوتنێکی گونجاو بکرێت، یان ئەمریکا "کارەکە تەواو دەکات".تاران لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە و بە چڕی بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێت.

چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکوومەتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند سیستەمی ئابووری ئێران بە تەواوی تێکچووە و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە. گوتیشی: "ئەوان دەیانویست کات بکوژن و چاوەڕێ بکەن، بەڵام ئێستا تێگەیشتوون کە دۆخەکە گۆڕاوە."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەو پاراستنی جیهانە لە مەترسییەکانی ئێران و گوتی: "ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەمە تەنیا بۆ ئێمە نییە، بەڵکو بۆ هەموو جیهانە."

لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ سەرنجی خستە سەر دۆخی ڤەنزوێلا و رایگەیاند، ئەو وڵاتە ئێستا خاوەنی هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانی نییە و ئەو سەرکردایەتییەی کە وڵاتەکەیان بەرەو وێرانەی بردبوو، نەماون.

ترەمپ گوتیشی: "ئەوەی لە ئێران دەبینرێت گۆڕینی دەسەڵاتە؛ چەندین دەسەڵات رۆیشتن، ئێستا ئێمە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی سێیەم دەکەین." ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئەوان بەو مەبەستە دەستیان بە جەنگ نەکردبوو، بەڵام دەرەنجامەکان بوونە هۆی ئەوەی کە ئێران چیتر وەک پێشتر نەمێنێت.

باسی لەوەش کرد، "من لە راستیدا وایان دەبینم کە ئەوان (سەرکردەکانی ئێستا) ژیرتر بن، زۆر لۆژیکیتر و عاقڵانەتر مامەڵە دەکەن."

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و رایگەیاند: "ئۆباما وڵاتێکی هەڵەی هەڵبژارد کاتێک رێککەوتنی لەگەڵ ئێران کرد، دەبوو وڵاتێکی دیکە هەڵبژێرێت." ترەمپ جەختی کردەوە، ئەگەر ئیدارەکەی ئەو نەبوایە، ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو، بەڵام ئێستا تاران سەرکردەکانی لەدەستداوە و ناچارە گوێ بگرێت.

سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران، ترەمپ گوتی: "ئەوان زۆر سوورن لەسەر ئەوەی رێککەوتن بکەن، بەڵام تا ئێستا ئێمە بەو پێشنیازانە رازی نین. یان دەگەینە ئەنجامێکی باش یان ناچار دەبین کارەکە تەواو بکەین." هەروەها دووپاتی کردەوە کە هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناو چووە و چیتر بوونیان نییە.

لەسەر ئاستی سەربازیی وڵاتەکەی، ترەمپ ئاشکرای کرد کە بۆ ساڵی داهاتوو بڕی 1.3 ترلیۆن دۆلار بۆ سوپا تەرخان دەکات تاوەکو ببێتە "باشترین و بەهێزترین هێزی سەربازی لە مێژووی جیهاندا."

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە باشی دەڕۆن و تاران دەستی کردووە بە پێدانی ئەو شتانەی کە واشنتن داوای کردوون، بەڵام "ئێمە باس لە هیچ جۆرە سووککردنی سزاکان یان گەڕانەوەی پارە ناکەین. تا ئەو کاتەی ئەوان بە دروستی رەفتار نەکەن، هیچ شتێکیان دەست ناکەوێت."

بە ئاماژەدان پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، کە لە لای چەپی دانیشتبوو، گوتی: "ئەگەر ئەوان ئەوەی لێیان دەوێت نەیچەسپێنن، ئەوا ئەم پیاوەی تەنیشتم کارەکەیان لەگەڵ تەواو دەکات."

سەبارەت بە پاشکۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، ترەمپ رایگەیاند، رێگە نادات رووسیا یان چین ئەو پاشکۆیەی ئێران وەربگرن و گوتی "ئەوە روونادات."

دەربارەی گەرووی هورمز، ترەمپ جەختی کردەوە کە "گەرووەکە بۆ هەمووان کراوە دەبێت، چونکە رێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتییە. کەس کۆنترۆڵی ناکات، ئێمە چاودێری دەکەین بەڵام نابێت کەس کۆنترۆڵی بکات." ترەمپ بە توندی هۆشداری دا و گوتی: "ئەوان (ئێران و عومان) دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام هیچ کەس کۆنترۆڵی ناکات و ئەگەر وا بکەن، ناچار دەبین تێکیان بشکێنین.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە تەنیا لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای پاکستان رازی بووە جەنگ بۆ ماوەیەک رابگرێت، "ئەوان کەسایەتیی رێز لێگیراون و داوایان کرد جەنگ رابگرین بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستان بدەین، ئێمەش ئەوەمان کرد."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، جەختی لە گرنگیی "رێککەوتننامەی ئیبراهیم" کردەوە و بە رێککەوتنێکی "کاریگەر و بوێرانە" وەسفی کرد. ترەمپ داوایەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ئێمە بە توندی داوا دەکەین کە سعوودیە، قەتەر، کوەیت و تەواوی ئەو وڵاتانە بچنە ناو رێککەوتننامەکەوە."

سەرۆکی ئەمریکا بە زمانێکی راشکاو رایگەیاند، ئەمە دەبێتە نیشانەیەکی مێژوویی و "پێموایە ئەو وڵاتانە ئەم هەنگاوە قەرزاری ئێمەن چونکە ئەمە بۆ بەرژەوەندی هەمووان و تەواوی جیهانە."