روبیۆ: پێشکەوتنی گەورە لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە

لە کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت وەزیری بەرگری، دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و دانوستان لەگەڵ ئێرانیان خستەڕوو. روبیۆ ئاماژەی بە "پێشکەوتنی بەرچاو" کرد، هاوکات هێگسێت جەختی کردەوە کە توانا سەربازییەکانی تاران بە تەواوی پەککەوتوون و توانای بەرهەمهێنانی چەکیان نەماوە.

چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، جەختی کردەوە "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی" و رایگەیاند، رووداوەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە سەلماندیان کە تاران گەورەترین پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانە لە جیهاندا.

روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە دیپلۆماسی و دانوستانی وەک بژاردەی یەکەم پێ باشە و گوتی: "پێموایە پێشکەوتن بەرەو رێککەوتن کراوە، نوێنەرەکانمان بە چڕی کار دەکەن و لە چەند کاتژمێر یان رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکان دەبینین."

لەلایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی توانیویەتی ئێران بهێنێتە سەر چۆک. هێگسێت گوتی: "هێزی دەریایییان لە بنکی کەنداوی فارسدایە، هێزە ئاسمانی و بەرگرییە ئاسمانییەکانیشیان تێکشکێنراون." ئاماژەی بەوەش کرد ئێران هەرچەندە مووشەکی مابێت، بەڵام ئێستا ناتوانێت هیچ درۆن، کەشتی یان مووشەکێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، چونکە تەواوی ژێرخانە پیشەسازییەکەیان پەکخراوە و گەمارۆیەکی جیهانیی توندیان لەسەرە.

پیت هێگسێت و مارکۆ روبیۆ سەرنجیان خستە سەر دۆخی ڤەنزوێلا و رایانگەیاند کە لە 3ـی کانوونی دووەمەوە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ئەمریکا. روبیۆ گوتی: "ئەم پیشەسازییە بۆ یەکەمجار پڕۆفیشناڵ کراوە و قازانجەکەی بۆ گەلی ڤەنزوێلایە نەک بۆ دزین." سەبارەت بە کوباش، ئاماژەی دا "کوبا وڵاتێکی شکستخواردووە و لە لایەن کۆمۆنیستە بێتواناکانەوە بەڕێوەدەبرێت، کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا."