عەلی باقری: یۆرانیۆمی پیتێنراو لە کارنامەی دانوستانەکاندا نییە
عەلی باقریکەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە مۆسکۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادە نییە لەسەر یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو دانوستان بکات، هاوکات ئاشکرای کرد شێوازی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز گۆڕانکاری بەسەردا دێت و وەک سەردەمی پێش جەنگ نامێنێت.
چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، عەلی باقریکەنی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەرپرسانی باڵای ئەمنی لە مۆسکۆ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی تاران لەگەڵ واشنتن بەردەوامییان هەیە. بەڵام جەختی لە خاڵێکی سووری وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "پرسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە هیچ شێوەیەک لە کارنامەی دانوستانەکانی ئێستاماندا نییە."
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و گرژییەکانی ناوچەکە، باقری ئاماژەی بەوە دا، ئێران و عومان وەک دوو وڵاتی هاوسێ، سەرقاڵی داڕشتنی میکانیزمێکی نوێن بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان. ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداری دا، بارودۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و "رێوشوێنەکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز لە دوای جەنگ، بە تەواوی جیاواز دەبن لەو رێوشوێنانەی کە پێش دەستپێکردنی ململانێیە چەکدارییەکان هەبوون."
جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەسەر بنەمای "تا لەسەر هەموو شتێک رێکنەکەوین، لەسەر هیچ شتێک رێکنەکەوتووین" کردەوە. راشیگەیاند، تەنیا کاتێک دەگەنە ئەنجامی کۆتایی کە لەسەر تەواوی پرسە جێگەی ناکۆکییەکان کۆدەنگی و رێککەوتنی گشتگیر هەبێت.
ئەم لێدوانانەی باقریکەنی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە تاران سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەکان، هێشتا لەسەر هەندێک دۆسیەی ستراتیژی وەک پاشکۆی ئەتۆمی و کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز، ئامادەی پاشەکشەی تەواوەتی نییە.