چەند کەشتییەکی زەبەلاحی نەوت و گاز گەرووی هورمزیان بڕی

چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر و گازی سروشتی، دوای ئەوەی ئامێرەکانی ناسینەوەیان لەسەر کەشتییەکانیان کوژاندەوە، گەرووی هورمزیان جێهێشت و بەرەو چین و هیندستان بەڕێ کەوتوون.

بەگوێرەی داتاکانی گرووپی بۆرسەکانی لەندەن و کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ چاودێری کەشتیوانی، سەرەتای ئەم هەفتەیە دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی نەوت و کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتی (LNG) گەرووی هورمزیان بڕیوە. ئەم کەشتییانە پەیوەندییان بە زنجیرەیەک کەشتیی دیکەوە کردووە کە لەم مانگەدا ناوچەی کەنداویان جێهێشتووە، هەرچەندە هێشتا جوڵەی گواستنەوەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی گشتی سنووردارە.

کەشتی یەکەم کەشتیی "ئیگڵ ڤێراکروز" (Eagle Veracruz)ـە کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی سعوودیەی بارکردووە. ئەم کەشتییە کە کۆتایی مانگی شوبات بارەکەی وەرگرتووە، بەرەو بەندەری "چوانتشۆ" لە باشووری رۆژهەڵاتی چین بەڕێ کەوتووە و پێشبینی دەکرێت لە 16ی حوزەیران بگاتە پاڵاوگەی کۆمپانیای "سینۆکیم".

نەوتهەڵگری دووەم بەناوی "نیسۆس کیرۆس" (Nisos Keos)، نزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێکەڵەی "داس"ی ئیماراتی هەڵگرتووە و بەرەو بەندەری "ڤیساکاپاتنام" لە هیندستان دەڕوات، بڕیاریشە لە سێی حوزەیران بگاتە شوێنی مەبەست.

داتاکانی کێپلەر ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دوو کەشتییە رۆژی سێشەممە لە گەرووی هورمز چوونەتە دەرەوە، لە کاتێکدا کەشتیی "هوا لین وان" کە ئاڵای چینی هەڵگرتووە، رۆژی چوارشەممە گەرووەکەی جێهێشتووە. ئەم کەشتییە باری "ناپتا"ی کوەیتی هەڵگرتووە و پێشبینی دەکرێت لە 12ی حوزەیران بگاتە بەندەری "هویچۆ" لە چین.

سەبارەت بە کەرتی گاز، کەشتیی "ئوم ئەلئەشتاین" کە تایبەتە بە گواستنەوەی گازی سروشتی، دوای ئەوەی لە 1ی ئایاردا بە بەتاڵی لە کەناراوەکانی ئیمارات بینرابوو، لە 27ی ئایاردا بە بارکراوی لە کەناراوەکانی عومان دەرکەوتووەتەوە و ئێستا بەرەو هیندستان بەڕێ کەوتووە.