ئێران لە گەرووی هورمز تەقەی لە چوار کەشتی کرد

میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەو وڵاتە لە گەرووی هورمز رووبەڕووی چوار کەشتی بوونەتەوە کە هەوڵیانداوە بەبێ هەماهەنگی تێپەڕن. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، رووداوەکە بەکاتی ناوخۆی ئێران روویداوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "چوار کەشتی ویستوویانە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، لە گەرووی هورمزەوە بچنە ناو کەنداو."

سەبارەت بە وردەکاریی رووبەڕووبوونەوەکە، لایەنی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەتا هۆشداریی پێویست دراوە بە کەشتییەکان، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی هۆشدارییەکان، هێزە ئێرانییەکان تەقەی ئاگادارکردنەوەیان کردووە. ئەمەش وای کردووە کەشتییەکان لە هەوڵەکەیان پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە.

هەروەها میدیاکانی ئێران تا ئێستا ناسنامە و جۆری ئەو کەشتییانەیان ئاشکرا نەکردووە.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوەی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای پاسداران کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی کردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی کە سوپای داگیرکەری ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ کردیە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس، هێزەکانمان ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکایان کردە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکە بووە."

هەرچەندە سوپای پاسداران شوێنی وردی ئەو بنکە ئەمریکییەی ئاشکرا نەکردووە کە کراوەتە ئامانج، بەڵام هاوکات دەسەڵاتدارانی  کوەیت کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان داوەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆن دوژمن بووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان دیار نییە و دەستنیشان نەکراوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کوەیت (کۆنا) بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "ئەو دەنگی تەقینەوانەی کە لە ناوچە جیاجیاکان دەبیسترێن، دەرەنجامی کارکردن و تێکشکاندنی ئامانجەکانە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە."