سێنتکۆم: ئێران ئاگربەستی پێشێل کردووە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران ئاگربەستی بە شێوەیەکی "مەترسیدار" پێشێل کردووە لە رێگەی ئاراستەکردنی مووشەکێکی بالیستیکی بۆ سەر خاکی کوەێت و ناردنی چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ گەرووی هورمز، بەڵام سەرجەم هێرشەکان تێکشکێنراون.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەکێکی بالیستیکی ئاراستەی وڵاتی کوەێت کردووە. هێزە بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە توانیویانە بە سەرکەوتوویی مووشەکەکە پێش گەیشتنی بە ئامانج تێکی بشکێنن.

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، ئەم پێشێلکارییە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای هێرشێکی تری تاران هاتووە، کە تێیدا پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی نێو گەرووی هورمز و دەوروبەری کرابوون. هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە هەر پێنج درۆنەکە لە ناوچەکە تێکبشکێنن و مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی و هێزەکان دوور بخەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە رێگری بکەن لە هەڵدانی شەشەمین درۆن کە بڕیار بوو لە بنکەیەکی سەر زەوی لە بەندەر عەباسی ئێرانەوە ئاراستە بکرێت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەم کردەوانەی تارانی بە "پێشێلکارییەکی گەورە و ئاشکرای ئاگربەست" و "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" وەسف کرد. جەختیشی کردەوە کە سێنتکۆم و هاوبەشە ناوچەییەکانی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هێزەکانیان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئێراندا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.