شەپۆلەکانی گەرما ئابووریی ئەڵمانیا دەهەژێنن
لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرای دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە مەترسی بۆ سەر ئابووریی ئەڵمانیا. بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی دوو ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە: کەمیی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 زیانی 112.5 ملیار یۆرۆ بە ئابووریی ئەو وڵاتە بگەیەنێت.
پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، بەپێی زانیارییەکانی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی کۆمپانیای جیهانیی "ئالیانز ترید" (Allianz Trade)، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کارایی کارمەندان و تێچووی کۆمپانیاکان هەیە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر یەک پلەی گەرمی لە سەرووی 30 پلەی سەدی، ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی 3% دادەبەزێت. لە هەمان کاتدا، تێچووی وزە بە رێژەی 1.2% بەرزدەبێتەوە، چونکە کۆمپانیاکان پێویستییەکی زۆریان بە سیستەمەکانی ساردکەرەوە دەبێت.
میڵۆ بۆگارتس، سەرۆکی "ئالیانز ترید" لە ئەڵمانیا و نەمسا، رایگەیاند: "گەرمای توند چیتر تەنیا دیاردەیەکی کەشوهەوای کورتخایەن نییە، بەڵکو بووەتە شۆکێکی ئابووریی بنەڕەتی ." ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسییە گەورەکە لە داهاتوودا دەردەکەوێت، چونکە دابەزینی داهات دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و لاوازبوونی توانای کێبڕکێی ئەڵمانیا لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
حازم کریشین، گەورە شارەزای ئابووریی کەشوهەوا، هۆشداری دا، ئەدای ئابووریی ئەڵمانیا تا ساڵی 2030 پاشەکشەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت. پێشبینی دەکرێت تەنیا لە چوار ساڵی داهاتوودا، بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بە رێژەی 3% زیانی پێ بگات. هەروەها ساڵانە بە رێژەی 0.9% کورتهێنان لە بودجەی گشتیی وڵاتدا دروست دەبێت بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەڵمانیا لە رووی کاریگەریی گەرماوە لە ناوەڕاستی ریزبەندی وڵاتانی ئەوروپادایە؛ دۆخی لە وڵاتانی باکوور وەک فینلەندا خراپترە، بەڵام لە وڵاتانی باشوور وەک ئیسپانیا و ئیتاڵیا باشترە. شارەزایان دەڵێن: "ئەوروپا لە رووی مێژووییەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرما دیزاین کراوە و تا ئێستاش بۆ گەرما ئامادە نییە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەهۆی ئەوەی دەیان ساڵە پلانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەرما هەیە، لەم بوارەدا زۆر لە ئەوروپا پێشترن.