بوڕهان خۆشناو بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە

بوڕهان خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "گلەیی" بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2028، بوڕهان خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی گوت، "ئەو گۆرانییە نوێیەم، بە وشە و هۆنراوەی شاعیری ناسراوی کورد سەید عەلی سەردەشتییە، کە لە دڵی مێژوو و هەست و ناسنامەی گەلەکەمان سەرچاوەی گرتووە. هەروەها ئەم بەرهەمە بە ئاوازێکی کۆن و رەسەن رێکخراوە و مۆسیقایەکەی بە هەستی تایبەت و رۆحێکی یادگاری، رەنگێکی جوانی داوەتەوە بە گۆرانییەکە. هێمن حوسێن بە مۆسیقا و رێکخستن، و دەنگی توانای خاڵە حەمرین، گیانی نوێیان بە وشەکانی سەید عەلی سەردەشتی بەخشیوە."

بوڕهان خۆشناو گوتیشی، "ئەو گۆرانییە باس لە خۆشەویستی، دڵتەنگی، یادی زێد و هەستە رەسەنەکانی مرۆڤ دەکات. لە ناو وشەکاندا رەنگی یادگاری و خەمی جودایی هەیە، هەروەها هەستێکی گلەیی و نیشتمانی تێدا بەدی دەکرێت. ئەم گۆرانییە رۆحێکی رەسەن و دڵنشینی هەیە کە گوێگر دەباتەوە بۆ بیرەوەری و هەستە قوڵەکان. هیوادارم بەدڵی هەموو هەوادارە خۆشەویستەکانم بێت و چێژی لێوەرگرن."

بوڕهان خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری هەولێرە. لە ساڵی 1978 دەستی بە کاری هونەری کردووە و جگە لە گۆرانییەکانی، لاوک و حەیران و مەقامیش دەڵێت و تا ئێستا زیاتر لە 100 بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە.