بێسێنت: تاوەکو ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕادەست نەکات هیچ دۆلارێکی بۆ ئازاد ناکرێت
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، جەختی کردەوە هیچ سزایەک لەسەر ئێران سووک ناکەن تاوەکو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست نەکات، هاوکات هەڕەشەی سزای قورسی لە عومان کرد ئەگەر هاوکاری تاران بکات لە وەرگرتنی "باج" لە گەرووی هورمز.
پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ستراتیژی ئیدارەی ترەمپی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و رووسیا خستەڕوو.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا راشکاوانە مەرجی واشنتنی بۆ هەر جۆرە ئاسانکارییەکی دارایی راگەیاند و گوتی: "تاوەکو ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراو رادەست نەکات، هیچ دۆلارێکی بۆ ئازاد ناکرێت. ئێمە باس لە سوککردنی سزاکان ناکەین تاوەکو پابەندییەکان بە چاوی خۆمان نەبینین."
بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد کە فشارە ئابووری و سەربازییەکانیان وای کردووە ئێران بێتە سەر مێزی دانوستان و "ئێمە دەسەڵاتەکەمان نەگۆڕی، بەڵکو شێوازی دەسەڵاتەکەمان گۆڕی لە رێگەی لەناوبردنی تەواوی چینەکانی سەرکردایەتییانەوە."
سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز، بێسێنت گوتی: "ئەمڕۆ پەیوەندیم بە باڵیۆزی عومانەوە کرد؛ پێم راگەیاند پرسی وەرگرتنی باج لە گەرووەکە بابەتێکی داخراوە . هەر دامەزراوەیەکی دارایی یان کەسایەتییەکی عومانی هاوکاریی ئێران بکات لە وەرگرتنی باج، دەستبەجێ رووبەڕووی سزاکانی وەزارەتی خەزێنە دەبێتەوە." جەختیشی کردەوە کە دەبێت گەرووەکە وەک رێرەوێکی ئاوێکی نێودەوڵەتی بۆ هەمووان بە ئازادی بمێنێتەوە.
بێسێنت رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرت و رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ توندترین سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە، "ئێمە بۆ یەکەمجار سزامان بەسەر دوو گەورە کۆمپانیای نەوتی رووسی لوک ئۆیڵ و رۆسنێفتدا سەپاند، کە هیچ حکوومەتێکی تری ئەمریکا پێشتر بوێریی هەنگاوی وای نەبووە."
وەزیری گەنجیەنی ئەمریکا سەبارەت بە نەوت ئاشکرای کرد، تەنیا لە مانگی ئایاردا نرخی نەوت 10% دابەزیوە و "نزیکەی 2000 کەشتی لە کەنداو چاوەڕێی کردنەوەی گەرووەکەن؛ بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، بازاڕی نەوت تێر دەبێت و نرخەکان زۆر بە خێرایی دادەبەزن."
سکۆت بێسێنت جەختی کردەوە کە سەرۆک ترەمپ هێڵی سووری زۆری هەیە و رێگە نادات هیچ "رێککەوتنێکی خراپ" واژۆ بکرێت کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا بگەیەنێت.