تێچووی شەڕی ئێران 95 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە لە 28ـی شوباتی رابردوو، 95 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیشەوە بارگرانییەکی زۆر کەوتووەتە سەر خێزانە ئەمریکییەکان.

بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی (Iran War Cost Tracker) کە چاودێری تێچووەکانی شەڕی ئێران دەکات، خەرجییەکانی واشنتن لەم رووبەرووبوونەوەیەدا 95 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ماڵپەڕەکە روونیکردووەتەوە کە ئەم خەمڵاندنانە پشت بەو زانیارییانە دەبەستن کە پێنتاگۆن لە 10ـی ئاداردا پێشکەشی کۆنگرێسی کردووە، کە تێیدا هاتووە تەنیا لە شەش رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا لە روژهەڵاتی ناوەڕاست 11.3 ملیار دۆلار خەرج کراوە و پلانیش وایە بۆ هەر رۆژێکی دیکەی جەنگ، بڕی یەک ملیار دۆلاری دیکە خەرج بکرێت.

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، سەرچاوەیەک بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی راگەیاندبوو کە تێچووی شەڕی دژی ئێران لە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دۆلاردایە، بێ ئەوەی تێچووی دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوە سەربازییەکان و قەرەبووکردنەوەی کەرەستە لەدەستدراوەکان هەژمار بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا رایگەیاند کە تێچووی شەڕی ئێران گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هەژمارکردنی تێچووی جێگرتنەوەی تەقەمەنییەکان و بارگرانی کەرتی وزە، ئەو بڕە بگاتە یەک تریلیۆن دۆلار.

هاوکات، توێژەرانی زانکۆی "براون"ی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەهۆی شەڕەکەوە، کاریگەریی توندی لەسەر بەکاربەرانی ئەمریکی هەبووە. بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە ماوەی 89 رۆژی رابردوودا نرخی بەنزین بە رێژەی 48.4% و گازوایل بە رێژەی 51.3% بەرزبووەتەوە، ئەمەش زیاتر لە 49.5 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە هاووڵاتییانی ئەمریکا گەیاندووە، کە دەکاتە نزیکەی 378.14 دۆلار بۆ هەر خێزانێک.