درۆنێکی رووسیا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە رۆمانیا دەکاتە ئامانج
بەهۆی هێرشێکی درۆنی رووسیاوە بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری گالاتی رۆمانیا، دوو کەس بریندار بوون؛ حکوومەتی بوخارێست هێرشەکە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار و نابەرپرسانە" ناودەبات و هاوپەیمانی ناتۆش رەفتارەکانی مۆسکۆ بە "بێباکانە" وەسف دەکات.
وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا رایگەیاند، کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، دوای چوونە ناوەوەی درۆنێکی رووسی بۆ ناو ئاسمانی وڵاتەکە، دوو فڕۆکەی جەنگیی لە جۆری F-16 بە پەلە رەوانەی ناوچەکە کراون. درۆنەکە کەوتووەتە سەر سەربانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری گالاتی کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی رووباری دانوب و نزیکە لە سنوورەکانی ئۆکرانیا، بەهۆیەوە ئاگر لە باڵەخانەکە کەوتووەتەوە.
ئەم رووداوە کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس، بە مەترسیدارترین کاریگەریی سەربازیی جەنگی چوار ساڵەی رووسیا دژی ئۆکرانیا لەسەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا دادەنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەفتەکانی رابردووشدا چەندین درۆن چوونەتە ناو خاکی وڵاتانی باڵتیک و لە ئەیلوولی رابردووشدا نزیکەی 20 درۆنی رووسی ئاسمانی پۆڵەندایان بەزاندبوو.
نیکوشۆر دان، سەرۆکی رۆمانیا رایگەیاند: "رۆمانیا لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا قبووڵی ناکات ئەو جەنگە دەستدرێژییەی رووسیا دژی ئۆکرانیا بەرپای کردووە، بگوازرێتەوە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێمە." سەرۆکی رۆمانیا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی کۆکردەوە و داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کۆمەڵێک رێکاری دیپلۆماسی توند بەرانبەر مۆسکۆ بگرنەبەر.
هەروەها رۆمانیا بە فەرمی داوای لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ کردووە سیستەمی بەرگریی دژە درۆنی زیاتر لە ناو خاکی وڵاتەکەیدا جێگیر بکەن. وەزارەتی دەرەوەی رۆمانیش لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە پێشێلکارییەکی توندی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و وەڵامی دیپلۆماسییان دەبێت.
لای خۆیەوە، ئەلیسۆن هارت، گوتەبێژی هاوپەیمانی ناتۆ سەرکۆنەی "بێباکییەکانی رووسیا"ی کرد و رایگەیاند کە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی بەرگرییەکانی دژی هەموو هەڕەشەکان، هاوکات مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی رۆمانیا.
هاوکات ئورسولا ڤۆندرێلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، جەنگی دەستدرێژیی رووسیا هێڵێکی دیکەی سووری تێپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورە رۆژهەڵاتییەکانی و فشارەکانی بۆ سەر مۆسکۆ زیاد دەکات، لەوانەش ئامادەکردنی پاکێجێکی نوێی سزاکان دژی رووسیا.