پاتریارکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان دەستبەکاربوو
لە کڵێسای "مار یوسف" لە بەغدا، رێورەسمی دەستبەکاربوونی مار پۆڵس سێیەم نۆنا وەک پاتریارکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان بەڕێوەچوو؛ پاتریارکی نوێ جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی کەنیسە کردەوە و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش پیرۆزبایی مەسرور بارزانی پێگەیاند.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئایاری 2026، لە کڵێسای "مار یوسف" لە بەغدا، رێورەسمی دەستبەکاربوونی مار پۆڵسی سێیەم نۆنا وەک پاتریارکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان بەڕێوەچوو، وەک جێگرەوەی مار لویس رەفائیلی یەکەم ساکۆ. رێورەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری کەسایەتیی ئایینی و حکوومیی پلەباڵا بەڕێوەچوو.
لە گوتەیەکدا، مار پۆڵسئ سێیەم نۆنا رایگەیاند کە بوونی کڵێسای کلدانی لە عێراق کۆڵەکەیەکی سەرەکیی مێژووە و گوتی: "یەکڕیزی لەناو کڵێسادا پێویستییەکی لە پێشینەیە و کڵێسای کلدانی ماڵێکە بۆ هەمووان." پاتریارکی نوێ ئاماژەی بە تەحەددییەکانی بەردەمیان کرد و گوتیشی: "ترس حاڵەتێکی سروشتییە، بەڵام کێشە لە ترسدا نییە، بەڵکو لە خۆبەدەستەوەدانە بۆ ترس."
مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، لە 1ـی تشرینی دووەمی 1967 لە شارۆچکەی ئەلقۆش لەدایکبووە. لە ساڵی 1991 لە بەغدا بووەتە قەشە و لە ساڵی 2005 بڕوانامەی دۆکتۆرای لە ئەنسرۆپۆلۆژیای لاهووتی لە رۆما بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2010 وەک سەرۆک قەشەی کلدان لە مووسڵ دەستبەکاربووە و دوای هێرشەکانی داعش لە 2014 لەگەڵ گەلەکەی ئاوارە بووە. لە ساڵی 2015ـەوە لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا خزمەتی کردووە و خاوەنی چەندین کتێبی لاهووتی و فکرییە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، وەک نوێنەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەردانی پاتریارکی نوێی کرد و پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێگەیاند.
لای خۆیەوە، پاتریارکی نوێ سوپاسی ئەو پیرۆزباییەی کرد و ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی کرد و وەک "پیاوی کردار نەک تەنیا گوتار" وەسفی کرد. بڕیاریشە لە ئاییندەیەکی نزیکدا مار پۆڵس سێیەم نۆنا سەردانی فەرمی هەرێمی کوردستان بکات بۆ بەسەرکردنەوەی کەنیسەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە حکومییەکان.