بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رەواندز: ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار سەردانی ناوچەکانمان دەکەن
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رەواند ئاماژە بەوە دەکات، پلانمان هەیە تەلەفریکێکی 11 کیلۆمەتری لە گەلی عەلی بەگەوە دەستپێبکات، بەسەر چیاکانی گۆڕەز و چیاکانی تردا تێپەڕێت تا دەگاتە گۆڕنۆک و شنگلبانە و دواتر دەبەسترێتەوە بە چیای کۆڕەک؛ ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گشتگیر و دەگمەن دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئایاری 2026، پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رەواندز ، تیشکی خستە سەر پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری رەواندز و سۆران، ئاشکرای کرد کە بەهۆی سەقامگیری و سروشتی ناوچەکە، ساڵانە ژمارەی گەشتیاران روو لە زیادبوونە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ماستەرپلانێکی گشتگیری بۆ ناوچەکە ئامادە کردووە.
پارێز یوسف ئاماژەی بەوە کرد "ماستەرپلانێکی تۆکمە بۆ ئەم ناوچەیە هەیە کە بەشێکی شێری بەر قەزای رەواندز دەکەوێت. ئەم پلانە لەلایەن کۆمپانیایەکی نەرویجییەوە دانراوە، چونکە سروشتی نەرویج زۆر لە سروشتی کوردستانەوە نزیکە و دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین."
یەکێک لە پڕۆژە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ناو ماستەرپلانەکە، دروستکردنی تەلەفریکێکی درێژە، پارێز یوسف گوتی "پلانمان هەیە تەلەفریکێکی 11 کیلۆمەتری لە گەلی عەلی بەگەوە دەستپێبکات، بەسەر چیاکانی گۆڕەز و چیاکانی تردا تێپەڕێت تا دەگاتە گۆڕنۆک و شنگلبانە و دواتر دەبەسترێتەوە بە چیای کۆڕەک؛ ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گشتگیر و دەگمەن دەبێت."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەکەیان کردووە، بەرێوەبەری گەشتوگوزار رایگەیاند "لە کۆی ئەو 7 بۆ 8 ملیۆن گەشتیارەی ساڵانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنیا لە ساڵی 2024 دا، پتر لە ملیۆنێک و160 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەی ئێمەیان کردووە، هەروەها لە ساڵی 2025ـیش بەهەمانشێوە، بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکەین ئەو رێژەیە زۆر زیاتر بێت، بەتایبەت کە پرۆژەکان بەردەوام لە زیادبووندان."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکین بۆ ناو (خەرەندی ڕەواندز) تا بتوانین ڕێگەیەکی تایبەت بۆ گەشتیارانی (هایکینگ - ڕۆیشتن بە پێ) دروست بکەین، چونکە گرووپە گەشتیارییەکان زۆر ئارەزووی ئەو ناوچەیە دەکەن.
سەبارەت بە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە، پارێز یوسف گوتی "لەسەر دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆکی حکوومەت، هەڵمەتێکی گەورەی ژینگەپارێزیمان دەستپێکردووە. لە شوێنە گەشتیارییەکان کیسەی زبڵ و قەفەزمان داناوە و برۆشۆری ڕێنمایی بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکەین بۆ ئەوەی سروشتی ناوچەکە بە پاکی بمێنێتەوە."
هەروەها وتیشی: "ڕەواندز مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەوڵدەدەین بازاڕە کۆنەکە و شەقامە کلتوورییەکان بپارێزین. لە پلانیشماندایە مۆزەخانەیەکی کلتووری و مێژوویی بۆ ڕەواندز و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکەین بۆ ناساندنی کەلوپەلە دێرینەکانمان بە گەشتیاران."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران جەختی کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە هەموو تاکێکی ڕەواندز ببێتە ڕێبەرێکی گەشتیاری و شارەزای مێژوو و جوانییەکانی شارەکەی بێت تا بە باشترین شێوە پێشوازی لە میوانەکان بکەن.