رێڤینگ هروری: خۆشحاڵین بە کاندیدبوونی هرور بۆ وەرگرتنی خەڵاتی خۆشترین گوندی جیهان

رێڤینگ هروری، پەرلەمانتاری پێشوو
رێڤینگ هروری، پەرلەمانتاری پێشوو

رێڤینگ هروری، پەرلەمانتاری پێشوو و کەسایەتیی دیاری دەڤەرەکە رایگەیاند، گوندی هرور کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین گوندی جیهانییە و ئاماژە بەوەش دەکات کە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و هێڵی ئینتەرنێت، وایکردووە نەوەی نوێ بە پەرۆشەوە روو لە گوندەکە بکەنەوە.

رێڤینگ هروری، پەرلەمانتاری پێشوو و کەسایەتیی گوندی هرور لە رووماڵێکی کوردستان24 لەنوێو گوندی هرورەوە رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵین کە هرور کاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی خۆشترین گوندی جیهان و پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتێکی جیهانی دەکات. ئەم کێبڕکێیە هەموومانی هان داوە کە گرنگییەکی زۆرتر بە گەشتوگوزاری ناوچەکە بدەین."

ئەو پەرلەمانتارە پێشووە ئاماژەی بە رۆڵی خزمەتگوزارییەکان کرد لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گوتی: "سوپاس بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پرۆژەی ئاو، قوتابخانە و کارەبای بۆ دابین کردووین، هەروەها کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆم بورجی گەیاندنی بۆ داناوین. پێشتر گەنجان بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتەوە نەدەهاتن بۆ گوند، بەڵام ئێستا بەهۆی هەبوونی هێڵی ئینتەرنێت، گەنجان بە خۆشحاڵییەوە سەردانی گوندەکە دەکەن."

رێڤینگ هروری باسی لە پاراستنی دابونەریتەکان کرد و گوتی: "گەنجەکانمان حەز دەکەن بێنەوە بۆ گوند و دابونەریتەکان ببینن. بۆ نموونە لە جەژنی قورباندا کەسێک خواردن بۆ هەموو گوندەکە ئامادە دەکات، ئەم گرێدانەی کولتووری نوێ و کۆن وایکردووە نەوەی نوێ چاو لە نەوەی پێش خۆیان بکەن. ئێستا کوردستان لە قۆناخی تفەنگ و شەڕ تێپەڕیوە و سەردەمی پێشکەوتنە."

سەبارەت بە پرسی پاراستنی ژینگە، هروری گوتی: "مەلاکانی مزگەوت لە هرور لە هەموو وتارێکی هەینیدا باسی ژینگە دەکەن. رۆژی دووەمی جەژن لای ئێمە رۆژی ژینگەی هرورە؛ هەموو دانیشتووانی گوندەکە پێکەوە دەچین و ناوچەکە لە کانییەکانەوە تا کۆتایی گوندەکە خاوێن دەکەینەوە."