تورکیا هۆشداری دەدات لە ئاڵۆزییەکی کۆنترۆڵنەکراو لە دەریای رەشدا

ئەنقەرە رۆژی هەینی داوای کرد کە رێگری بکرێت لە هەر جۆرە ئاڵۆزییەکی کۆنترۆڵنەکراو لە دەریای رەشدا، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری تورکی کە ئاڵای ڤانواتوی پێوە بوو هەروەها بووە هۆی برینداربوونی دوو لە ئەندامانی تیمەکە.

هەینی 29ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان: دەبێت دوور بکەونەوە لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی کۆنترۆڵنەکراوی ململانێکان.

هەرچەندە ئەنقەرە لایەنی بەرپرسیاری لە هێرشەکە دیاری نەکردووە، بەڵام هێزی دەریایی ئۆکرانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، درۆنێکی رووسی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا، کەشتییەکە لە بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیاوە بەرەو تورکیا بەڕێ کەوتبوو، هەروەها میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، رۆژی پێنجشەممە سێ کەشتی بارهەڵگری تورکی لە دەریای رەش لە نزیک کەناراوە باکوورییەکانی تورکیا کراونەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە: لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان پەیوەست بەو مەترسی و هەڕەشانەی کە پەرەسەندنی دوایین ململانێکان لە دەریای رەشدا بۆ سەر ناوچەکەمان دروستی دەکەن، هەروەها هۆشداریشمان داوە لە ئەنجامە نەرێنییە ئەگەرییەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان.