سێنتکۆم: ئاراستەی 115 کەشتی بازرگانیان گۆڕیوە
گەمارۆی دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاراستەی 115 کەشتی بازرگانی دەگۆڕێت و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش دەڵێت، ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکانیان گۆڕیوە تا مسۆگەری بکەن هیچ کەشتییکەی بازرگانی نەگاتە بەندەرەکانی ئێران یان جێیان نەهێڵێت.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئایاری 2026، ناوەندی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا(سێنتکۆم) رایگەیاند، تا 29ـی مانگی ئایار بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران ئاراستەی 115 کەشتی بازرگانیان گۆڕیوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکانیان گۆڕیوە تا مسۆگەری بکەن هیچ کەشتییکەی بازرگانی نەگاتە بەندەرەکانی ئێران یان جێیان نەهێڵێت.
گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە 13ـی مانگی نیسانەوە دەستیپێکرد و چەندین جار سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هاوشێوەیەکی دیوارێکی پۆڵایین وایە و رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری ئێران دەگەینێت.
لەلای خۆیەوە، ئەمڕۆ هەینی 29ـی ئایاری 2026، کەناڵی تەلەفزیۆنی خەبەری فارسی ئێران بڵاویکردەوە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا رێگە بە تێپەڕبوونی 24 کەشتی بازرگانی دراوە، کە بەشێکیان لە رێڕەوی گەرووی هورمزەوە بەرەو کەنداوی عومان و دەریای عەرەب و ئۆقیانووسەکان بەڕێکەوتوون و بەشێکیشیان لەم گەرەوەوە بۆ گەڕانەوەی کەنداو تێپەڕبوون.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کەناڵەکەی ئێران ئاماژەی پێداوە، تێپەڕبوونی ئەو 24 کەشتییە لە رێگەی هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.