میدڤیدێڤ: قۆناخی خەوی ئارام بۆ ئەوروپییەکان کۆتایی پێهات
دمیتری میدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، هۆشداری دایە هاوڵاتیانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە حکومەتەکانیان "بە شێوەیەکی تاکلایەنە چوونەتە ناو جەنگ لەگەڵ رووسیا"، داواشی لێکردن هۆشیار بن و سەرسام نەبن بە هەر پەرەسەندنێکی داهاتوو.
هەینی 29ـی ئایاری 2026، دمیتری میدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند، "قۆناخی خەوی ئارام بۆ ئەوروپییەکان کۆتایی پێهات"، جەختیشی کردەوە، ئەوروپییەکان بە باشی دەزانن "کێ بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵدەگرێت.
ئەم لێدوانانەی میدڤیدێڤ دوای ئەوە دێت، وەزارەتی بەرگری رۆمانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، درۆنێک بە خانویەکدا لە شاری گالاتس تەقیوەتەوە، هاوکات بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس، دوای رووداوەکە، بوخارست، مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی کۆنکرێتی، هەرچەندە هێزەکانی رۆمانیا لە رێگەی سیستمە رادارییەکانەوە چاودێری درۆنەکەیان کردبوو بەڵام رێگرییان لێ نەکردبوو.
لای خۆیەوە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەو ژاوەژاوەی رۆژئاوا لەسەر کەوتنی درۆنێک لە رۆمانیا دروستی کردووە، ئامانج لێی دوورخستنەوەی سەرنجەکانە لەوەی کێیڤ لە ستارۆبیلسک تاوانی کوشتنی خەڵکی سڤیل بە تایبەت منداڵانی ئەنجامداوە.
زاخارۆڤا گوتیشی، ئەم هەڵمەتە میدیاییە بەکاردێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بڕیاری داخستنی کونسوڵخانەی گشتی رووسیا لە شاری کۆنستانتای رۆمانیا.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژئاوا پێویستی بەم ژاوەژاوەیە بۆ داپۆشینی پشتگیرییە دارایی و سیاسییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کارەکانی کیێڤ، هەروەها رایگەیاند رووداوەکەی دوایی رۆمانیا بۆ خزمەتکردنی ئەم ئامانجە سیاسییە بەکارهێنراوە.